كێبڕكێی دوو یانه‌ی پڕۆ لیگ له‌سه‌ر به‌رگریكارێكی كورد

کوردە پیشەگەرەکان :: 13/06/2019‌ :: 305‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار


له‌تازه‌ترین پێشنیازدا یانه‌ی سیپاهان ئه‌سفه‌هان به‌بڕی 2 ملیارد و 500 هه‌زار تومان ئاماده‌یه‌ وریا غه‌فوری سنه‌یی و به‌رگریكاری باڵی راستی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران و یانه‌ی ئیستقلال-ی تاران بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی.


هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ئارادابوو كه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ وریا غه‌فوری به‌رگریكاری كوردی یانه‌ی ئیستقلال تاران به‌هۆی نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی رووبكاته‌ یانه‌ی تراكتۆرسازی ته‌برێز و یانه‌كه‌ چه‌ند ناوێكی دیاری كردووه‌ و له‌گه‌ڵیاندا له‌گفتوگۆدایه‌ له‌وانه‌ وریا غه‌فوری ته‌مه‌ن 32 ساڵ و ته‌نها له‌سه‌ر بڕی بۆنده‌كه‌ رێككه‌وتنیان نه‌كردووه‌، دوایین هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن یانه‌ی سیپاهان ئه‌سفه‌هان كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ به‌ر له‌وه‌ی رووبكاته‌ یانه‌ی ئیستقلال ساڵانی 2014 تا 2016 یاری تێدا كردووه‌، بڕی 2.5 ملیارد تومانی بۆ ئه‌م یاریزانه‌ پێشنیازكردووه‌.


له‌مباره‌یه‌وه‌ میدیاكانی وه‌رزشی ئێران ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پاش 3 وه‌رز یاری كردن بۆ یانه‌كه‌ وریا له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌یانه‌ی ئیستقلال و نزیكه‌ له‌وه‌ی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌میر قه‌لعه‌نویی راهێنه‌ر له‌یانه‌ زه‌ردپۆشه‌كه‌ی شاری ئه‌سفه‌هان یاری بكات. 
به‌پێی زانیاری میدیاكانی وه‌رزشی ئێرانی یانه‌ی تراكتۆرسازی ته‌برێز-یش ئاماده‌بووه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زیاتر له‌وه‌ی یانه‌ی ئیستقلال به‌ وریا غه‌فوری به‌رگریكاری به‌ئه‌زموونی كورد بدات، بۆیه‌ له‌ڕۆژانی رابردوودا بۆچوونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ بوون كه‌ به‌هۆی ئه‌م هۆكاره‌وه‌ یاریزانی ناوبراو له‌م یانه‌یه‌ی شاری ته‌برێز نزیكه‌ و له‌وانه‌یه‌ رووبكاته‌ ئه‌م یانه‌یه‌، چونكه‌ یانه‌كه‌ به‌رگریكارێكی باڵی راستی پێویسته‌.
 له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وریا له‌پۆستێكی كورتدا كه‌ له‌ستۆریی ئینستاگرام بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ داوای پاره‌یه‌كی زۆری له‌یانه‌ی ئیستقلال كردبێت، ئه‌مه‌ش له‌وه‌ڵامی جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی ئیستقلال كه‌ بۆ میدیاكان باسی له‌وه‌ كردبوو ئه‌و پاره‌یه‌ی وریا داوای ده‌كات چوار به‌رامبه‌ره‌!. 
شایه‌نی باسه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی میركاتۆی هاوینه‌ یانه‌ی ئیستقلال مۆڵه‌تی هه‌فته‌یه‌كی بۆ وریا غه‌فوری دانا كه‌ بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی بدات، به‌ڵام وا بۆمانگێك ده‌چێت هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌گفتوگۆكانی نێوانیاندا یاریزانه‌ كورده‌كه‌ داوای بڕی 600 بۆ 700 ملیۆن تومانی كردووه‌ و یانه‌كه‌ش پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ناتوانێت بچێته‌ ژێر باری ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure