لەدواڕۆژەوە بزانە ئەستێرەكانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق چۆن هاتونەتە سلێمانی‌و خەرجییان چەند بووە

ناوخۆیی :: 12/06/2019‌ :: 1471‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد

دوای ئەنجامدانی یارییە دۆستانەكەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی كوردستان‌و ئەستێرەكانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بەبۆنەی وازهێنانی "ئەحمەد سالاری یاریزانی پێشووی یانەی سلێمانی، دواڕۆژ چۆنیەتی هاتنی یاریزانان‌و خەرجی مانەوەیان ئاشكرا دەكات.

ئەحمەد ساڵار بە دواڕۆژی راگەیاند" كە سەرەتا لەرێگەی عەباس عوبێد یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق باس لەرێكخستنی ئەم یاریە كراوە‌و دوای ئاگاداركردنەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەكە گەیشتوونەتە رێكەوتن بۆ  ئەنجامدانی یاریەكە، هەروەها هەردوو یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق هاوار مەلا محەمەدو هەڵگوردی برای رۆڵی سەرەكیان بینی لەهێنانی یاریزانانی ئەستێرەكانی عێراق بۆ شاری سلێمانی.


ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا: هێنانی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەستێرەكانی عێراق بەسێجار بوو، بەشێك لەیاریزانان‌و ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەكە لەشاری بەغدا بەپاسی تایبەت هاتونەتە سلێمانی، هەریەك لەیونس مەحمود‌و نەشئەت ئەكرەم‌و ئەحمەد موناجدیش لەشاری هەولێر سەفەری سلێمانییان كردووە.


وتیشی: هەریەك لەنور سەبری لەوڵاتی توركیا‌و عەلی حسێن رەحیمە لەوڵاتی قەتەر‌و كاپتن ئەحمەد رازی لەوڵاتی ئوردونەوە بەفرۆكە گەشتی سلێمانییان كردووە.


ئاشکرای دەکات: بڕی تێچووی مانەوە‌و هۆتێل‌و خواردن دابین كردنی پێداویستی یاریەكە‌و گەرانەوەیان لەسەر ستافی رێكخەرانی یاریەكە بووە‌و نزیكەی 30هەزار دۆلار لەكاتی هاتن‌و مانەوەیاندا خەرجكراوە.


لە کۆتایدا ئەوەشی خستەروو: هەریەك لەپاڤێل تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و ئاكۆ شێخ جەنگی‌و هێرش كەمال‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ‌و مەلا جەبار‌و گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان رۆڵی سەرەكیان بینیوە بۆ رێكخستنی یاریەكە لەشاری سلێمانی.


بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان بەبۆنەی وازهێنانی یاریزانێكەوە یاریەكی دۆستانە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی كوردستان‌و ئەستێرەكانی پێشووی عێراق ئەنجامدرا بەئامادەبوونی زۆربەی ئەستێرەكانی هەڵبژاردەی عێراق و تێیدا عێراقیەکان توانیان ٣-٢ بردنەوە تۆماربکەن.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure