هەواڵێکی خۆش بۆ یانەکانی کەرکوک

ناوخۆیی :: 11/06/2019‌ :: 215‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

سەرەڕای ئەوەی سەرجەم یانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڕە پارەیەکیان وەک هاوکاری پێدرا، کەچی ئەم بڕە پارەیە لە سەرەتادا بە یانەکانی شاری کەرکوک نەدرا و ئەمڕۆ سێشەممە رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە یانەکانی شاری کەرکوکیش بگرێتەوە.
(ئەمڕۆ سێشەممە رێککەوتی ١١ ـی حوزەیران) بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەند درا لەسەر خەرجکردنی بڕە پارەیەک بۆ یانەکانی شاری کەرکوک.
 بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگاداری یانەکانی ئەم شارە دەکاتەوە کە هەفتەی داهاتوو لە شاری هەولێر و بە دیاریکراوی لە بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش ئامادەبن بۆ وەرگرتنی چەکی بانکی ئەم پارەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش رێککەوتی ١٦ ـی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ ئەوەی یانەکانی شاری کەرکوک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی بانکی.
پێشتر حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڕی ٢ ملیار دیناری وەک هاوکاری بۆ تێکڕای یانە وەرزشییەکانی کوردستان دابین کرد، بەڵام ئەم پارەیە تەنها بە یانەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان درا و یانەکانی شاری کەرکوک لێی بێ بەشکران، ئەمەش ناڕەزایی یانەکان و وەرزشکارانی شاری کەرکوکی لێکەوتەوە کە سەرەڕای ئەوەی بە بەردەوام بەشداری چالاکییە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن کەچی ئەم یانانە بە یانەی کوردی و کوردستانی هەژمارنەکراون بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش نووسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کرد و بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕە پارەیەک بۆ یانەکانی شاری کەرکوک کە تاکو ئێستا بڕەکە دیارینەکراوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure