یانه‌یه‌كی ژاپۆن دوو ملیۆن دۆلار به‌گۆڵپارێزێكی كورد ده‌دات

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 276‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
یانه‌یه‌كی خولی نایابی یانه‌كانی ژاپۆن (جه‌ی لیگ/ J-League) چاوی بڕیوه‌ته‌ تواناكانی گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی پێرسپۆلیس-ی تاران و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران و بۆندێكی گه‌وره‌شی پێشكه‌ش كردووه‌.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی میهر-ی ئێرانی عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ی گۆڵپارێزی كوردی له‌ك و ژماره‌ 1ی یانه‌ی پێرسپۆلیس و هه‌ڵبژارده‌ی ئێران له‌لایه‌ن یانه‌یه‌كی جه‌ی لیگی ژاپۆن داواكراوه‌ و یانه‌كه‌ بڕی 2 ملیۆن دۆلاری بۆ گواستنه‌وه‌ی ته‌رخان كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یانه‌كانی جوپیلێر پڕۆ لیگی به‌لژیكا و سوپه‌ر لیگی توركیا كێبڕكێی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌م گۆڵپارێزه‌ كورده‌ ده‌كه‌ن. 
ئاژانسه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌م یانه‌یه‌ی ژاپۆن (به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی یانه‌كه‌ ببات) ئاماده‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌بڕی 2 ملیۆن دۆلار كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌م گۆڵپارێزه‌ بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆی زۆریی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ یانه‌ی پێرسپۆلیس وه‌ك مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی دایناوه‌ وه‌ك ساڵی پێشوو رێگربێت له‌گواستنه‌وه‌ی و هه‌ڵبژاردنی یانه‌یه‌كی ده‌ره‌كی، چونكه‌ ساڵی رابردوو یانه‌ی دینامۆ كییه‌ڤـ-ی ئۆكرانی به‌هۆی مه‌رجی یانه‌ی پێرسپۆلیس كه‌ داوای بڕی 700 هه‌زار دۆلاری ده‌كرد، پاشه‌كشه‌ی كرد له‌كڕینی.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م ده‌نگۆیانه‌، یه‌كێك له‌لێپرسراوانی یانه‌ی پێرسپۆلیس كه‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند یاری تێدا ده‌كات، ئه‌وه‌ی به‌ئاژانسه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان هیچ بۆندێكی فه‌رمییان پێنه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام چه‌ند پێشنیازێك بۆ گواستنه‌وه‌ی بیرانوند به‌ بریكاره‌كه‌ی دراوه‌ كه‌ گرنگترینیان پێشنیازی یانه‌یه‌كی ژاپۆن-ه‌.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌م گۆڵپارێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كورد كه‌ ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌ و وه‌رزی 2018-2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی پێرسپۆلیس بوونه‌ پاڵه‌وانی  خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران و جامی یانه‌كانی ئێران، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن یانه‌ی پێرسپۆلیس-ه‌وه‌ ده‌نگۆی داواكردنی له‌لایه‌ن یانه‌ی ئه‌ی ئێس رۆما-ی ئیتاڵی ره‌تكرایه‌وه‌.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure