عەبدولسەمەد خۆشناو مژدەی خۆشی لەلایەن بەرپرسانی کەناڵ بی ئین سپۆرت پێدراوە

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2620‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

کۆمێنتاری کورد ( عەبدولسەمەد خۆشناو) کە دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (بی ئین سپۆرتس) پلەی یەکەمی سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەدەستهێنا و دەستنیشانکرا بۆ ئەوەی لە پاڵ بێژەرە بە ناوبانگەکانی کەناڵی بی ئین سپۆرتس، بێژەری بۆ یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بکات لە نێوان هەردوو یانەی لێڤەرپول و تۆتنهام، لە ئێستادا مژدەی خۆشی لەلایەن بەرپرسانی کەناڵ قەتەڕییەکە پێدراوە بەوەی کە لەگەڵ ئەم کۆمێنتارە کوردە بەردەوام دەبن و لە داهاتوو ئەرکی دیکەی پێ دەسپێرن.

عەبدولسەمەد خۆشناو ئاماژە بەوەدەدات: "بەرپرسانی کەناڵە قەتەڕییەکە رێز و پێزانینیان بۆ هەوڵەکانم هەبووە و بەڵێنییان پێداوم لە داهاتووش لەگەڵیان بەردەوام بم".

 

کۆمێنتارە لاوە کوردەکە ئاشکرایدەکات کە بەرپرسانی کەناڵی بی ئین سپۆرتس زۆر جەختیان لەوە کردۆتەوە کە وێستگەی داهاتووی بەردەوامبوونم وەک کۆمێنتاری یارییەکان، مۆندیاڵی ٢٠٢٢ ـی قەتەڕ دەبێت و پێم وتراوە کە هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەم ئەرکە مێژووییە بکەم و لە رووی زمانەوانی و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر خۆم بەهێز بکەم.

خۆشناو دەڵێت "لە نێو سەدان کۆمێنتاری وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەم بەدەستبهێنیت ئەرکێکی قورسە و بێژەریکردن لە یاری کۆتایی خولێکی گەورە و بە زمانێک کە زمانی دایک نەبێت کارێکی ئێجگار سەختە.

کۆمێنتارە کوردەکە دەشڵێت: "(عەلی محەمەد عەلی) کە بێژەرێکی بەناوبانگی میسڕ و وڵاتانی عەرەبییە پێی راگەیاندووم کە خاڵی بەهێزی من بەردەوامبوون و کۆڵ نەدانمە و سەرجەم ئەم لاوانەی خولیای کاری بێژەرییان هەیە، دوای ماوەیەک ساردەبنەوە و وازدەهێنن بەڵام تۆ ماوەی ٣ ساڵە بە بێ دابڕان هەوڵ دەدەیت و وازت نەهێناوە تا بە ئاواتەکەت گەیشتیت".


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure