دالكورد له‌دوا چوار یاری سوپێرتانی سویددا 10 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 176‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان)دا یانه‌ی دالكورد-ی كوردان به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی و له‌دوا 4 یاری خوله‌كه‌دا 10 خاڵی له‌ 3 بردنه‌وه‌ و 1 یه‌كسان بوون كۆكردووه‌ته‌وه‌.
(رۆژی 9ی حوزه‌یرانی 2019) له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 12ی قۆناغی یه‌كه‌می خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید، یانه‌ی دالكورد به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی هه‌ردوو یاریزانی كورد، كاپتن (راوێژ لاوان)ی ناوه‌ڕاستكاری به‌ئه‌زموون و (دیلان ئیسماعیل)ی به‌رگریكاری لاو میوانداریی له‌یانه‌ی هالمستاد بی كه‌ی كرد و سه‌ره‌نجامی یارییه‌كی به‌هێزیش توانی له‌خوله‌كی 90+2دا ئه‌نجامی كۆتایی به‌گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلابكاته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌پله‌ی 10ی ریزبه‌ندی خوله‌كه‌وه‌ بگاته‌ پله‌ی 6 به‌كۆكردنه‌وه‌ی 17 خاڵ.
یارییه‌كه‌ له‌یاریگای ێفڵه‌ڤاڵن ئه‌نجامدرا و تیایدا هه‌ردوولا له‌ 90 خوله‌كی كاتی یاساییدا به‌بێ گۆڵ یه‌كسانبوون و له‌خوله‌كی 90+ی كاتی زیادكراو بۆ سه‌ر كاتی به‌فیڕۆدراو كیرفالا سیسۆكۆ-ی یاریزانی یه‌ده‌گ كه‌ له‌خوله‌كی 70دا هاوبه‌شی له‌یارییه‌كه‌دا كرد، توانی گۆڵی بردنه‌وه‌ی دالكورد (گۆڵی كوشنده‌) تۆماربكات و بردنه‌وه‌ی ژماره‌ 5 و 3 خاڵی گرنگ به‌یانه‌كه‌ی ببه‌خشێت.
  به‌م بردنه‌وه‌ كوشنده‌یه‌ش یانه‌ی دالكورد به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌خانه‌ی 10ی ریزبه‌ندی سوپێرتانی یانه‌كانی سوید بۆ خانه‌ی 6 سه‌ركه‌وت به‌ 17 خاڵ له‌ 12 یاری (5 بردنه‌وه‌، 2 یه‌كسانبوون، 5 دۆڕاندن) و (13-17 گۆڵ) و (-4 گۆڵ).
شایه‌نی باسه‌ یانه‌ی دالكورد له‌سوپێرتانی یانه‌كانی سوید ئه‌نجامه‌كانی روو له‌هه‌ڵكشانه‌ و له‌دوا 4 یاری خوله‌كه‌دا توانیویه‌تی 10 خاڵ كۆبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ 3 بردنه‌وه‌ و 1 یه‌كسانبووندا.

 
*كارتی یارییه‌كه‌:
-بۆنه‌: خولی پله‌ یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان):
-ساڵ: 2019.
-هه‌فته‌: 12، قۆناغ: یه‌كه‌م. 
-رۆژی یاری: یه‌كشه‌ممه‌ 9-6-2019.
-كاتی ده‌ستپێكی یاری: 7:30 خوله‌كی ئێواره‌.  
-یاری: دالكورد ئێف ئێف×هالمستاد بی كه‌ی.
-یاریگا: ێفڵه‌ڤاڵن.
-جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو: 153 كه‌س.
-ئه‌نجامی نیوه‌ی یه‌كه‌م: 0-0.
-ئه‌نجامی كۆتایی: 1-0.
-گۆڵی یارییه‌كه‌: كیرفالا سیسۆكۆ/ خوله‌كی 90+2.
-یاریزان: دیلان ئیسماعیل، یانه‌: دالكورد ئێف ئێف/ هێڵی یاریكردن: به‌رگری، ژماره‌ی درێس: 4 (90 خوله‌ك یاری كرد).
-یاریزان: راوێژ لاوان/ كاپتن، یانه‌: دالكورد ئێف ئێف/ هێڵی یاریكردن: ناوه‌ند، ژماره‌ی درێس: 7 (90 خوله‌ك یاری كرد).
-یاریزان: پێشڕه‌و عه‌زیزی/ كاپتن، یانه‌: دالكورد ئێف ئێف/ هێڵی یاریكردن: به‌رگری، ژماره‌ی درێس: 21 (له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ بوو).
-یاریزان: فه‌رهاد ئه‌یاز، یانه‌: دالكورد ئێف ئێف/ هێڵی یاریكردن: ناوه‌ند، ژماره‌ی درێس: 94 (ناوی له‌پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی دانه‌بوو).

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure