وێنە:هەولێر پێشەنگی بە نەورۆز چۆڵکرد ودهۆک و پێشمەرگەی هەولێر بە ساردی یاریگەیان جێهێشت و هەندرێن بردییەوە

ناوخۆیی :: 09/06/2019‌ :: 111‌ جار بینراوە
dwarozh
فۆتۆ: هەردی حەسەن



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا


لە میانی یارییەکانی گەڕی دەهەمینی خولی نایابی لاوانی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە چەندین روبەروبوونەوەی گرنگی بەخۆیەوە بینی سوودمەندی سەرەکی ئەم هەفتەیەش یانەی هەولێر بوو کە بە بردنەوەی لە یانەی سیروانی نوێ دوور لە یاریگەی خۆی و بە سوودوەرگرتن لە شکستی نەورۆز بەرامبەر هەندرێن، هەردوو یانەی دهۆک و پێشمەرگەی هەولێریش بە ساردی یاریگەیان جێهێشت.
لەسەر یاریگەی شادی لە شاری هەولێر تایبەت بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر، یانەی پێشمەرگەکان میوانداری تیپی لاوانی دهۆکی کرد و یارییەکەش بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بە کۆتاهات و هەردوو یانە خاڵێکیان بەرکەوت.
سەرەڕای ئەوەی یاریزانانی پێشمەرگەی هەولێر چەندین جار زۆر نزیک بوون لەوەی تۆڕی گۆڵی تیپی میوان بهەژێنن بەڵام بەخت یاوەرییان نەبوو سەرەنجام بە ناچاری بە خاڵێک رازی بوون.
بەم یەکسانبوونە کۆی خاڵەکانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە ١١ خاڵ و لە پلەی دەیەم گیرساوەتەوە لە بەرامبەردا لاوانی دهۆک لە بارودۆخێکدان کە هیچ کەس بەخیلی پێ نابات و بە کۆکردنەوەی ٨ خاڵ پلەیەک پێش کۆتایی ریزبەندی گرتووە.
هەر لە شاری هەولێر و لە یارییەکی دیکەی بەهێزی ئەم گەڕە، هەندرێن لەسەر حسابی یانەی نەورۆز کە تا ئەم جەولەیەش پێشەنگی گرتبوو، بردنەوەی ژمارە سێیەمی بەدەستهێنا کاتێک یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر تاکە گۆڵێک بردەوە.
هەرچەندەلە نیوەی یەکەمی یارییەکە هیچ کامێکیان نەگەیشتن بە گۆڵی تیپی بەرامبەر، لە نیوەی دووەم ئاڕاستەی یارییەکە بە بەرژەوەندی یانەی هەندرێنی خاوەن ماڵ شکایەوە و توانییان دوو گۆڵ لە رێگەی یاریزانان (ئیسماعیل سلێمان) تۆماربکەن و هەرچەندە لە کۆتاییەکانی یارییەکە (عیماد ئەحمەد) جیاوازی گۆڵی کەمکردەوە و گۆڵێکی بۆ نەورۆز تۆمارکرد بەڵام سەرەنجام یارییەکە بە سوودی هەندرێن تەواوبوو بە ئەنجامی (٢-١).
ئەم سەرکەوتنە پێگەی یانەی هەندرێنی بە ١٣ خاڵ بەرزکردەوە و هاتە پلەی حەوتەم لە بەرامبەردا نەورۆز پلەی یەکەمی لە بەرژەوەندی هەولێر چۆڵکرد و بە کۆکردنەوەی ٢٠ خاڵ لە پلەی دووەمە.
دوای تێپەڕبوونی ٩ جەولە بەسەر خولی لاوانی یانە نایابەکانی کوردستان، ریزبەندییەکە بەمشێوەیە:
 
‎١- هەولێر ٢١ خاڵ 
٢-نەورۆز ٢٠ خاڵ
‎٣- پێشمەرگەی سلێمانی ١٥ خاڵ 
٤-سیروانی نوێ ١٥ خاڵ
‎‎٥- شێروانه ١٤ خاڵ 
٦-خانەقین ١٣ خاڵ
‎٧- هەندرێن ١٣ خاڵ
‎٨- پێشمەرگەی هەولێر ١١ خاڵ
‎٩- زاخۆ ١١ خاڵ 
‎١٠- زێرەڤانی ١٠ خاڵ
‎١١- گاڕە ١٠ خاڵ
‎١٢- دهۆك ٨ خاڵ
‎١٣- ئاڕاڕات ٢ خاڵ


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure