دەستەكانی یانەی سلێمانی لەبەهێزكردنی پێكهاتەكەی بۆ قۆناغی كۆتایی خولی نایابی عێراق بەردەوامە

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 116‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد
دوای تەواوبوونی یارییەكانی خولی نایابی تۆپی دەستی یانەكانی عێراق لەپارێزگای بەسرەو سەركەوتنی شەش یانە بۆ قۆناغی كۆتایی خولەكە،یانەی سلێمانی كە تاكە یانەی كوردستانە لەو قۆناغەدا ئامادەكاریەكانی دەست پێكردەوە‌و بەنیازیشە بەیاریزانێكی پیشەگەر پێكهاتەكەی بەهێزتر بكاتەوە.

دوای ئەنجامدانی 10 یاری لەهەردوو قۆناغی یەكەم‌و دووەم كە لەپارێزگاكانی سلێمانی‌و بەسڕە بەڕێوەچوو، شەش یانە توانییان پلیتی سەركەوتنی قۆناغی كۆتایی خولەكە مسۆگەر بكەن، كە بڕیارە كێبڕكێكانی ئەو قۆناغەش لەكۆتایی مانگی سێ لەپارێزگای بەغدا ئەنجام بدرێت.

یانەی سلێمانی تاكە یانەیە لەكوردستان بەشداری لەخولەكە دەکات بەئامانجی بەدەستهێنانی یەكێك لەپلەكانی یەكەم تا سێیەم كێبڕكێی یانە زلهێزەكان دەكات‌و بۆ قۆناغی داهاتووش گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی پیشەگەری تونسی ئیمزا دەكات جگە لەهێنانی چەند یاریزانێكی یانەكانی خولی عێراق.


كەمال عەبدولواحید راهێنەری تۆپی دەستی یانەی سلێمانی ئەوەی بەدواڕۆژ راگەیاند:" سوپاس بۆ دەستەی كارگێڕی یانەكەمان ئەمساڵ بەهەموو شێوەیەك هاوكارمان بوو بۆ بەهێزكردنی پێكهاتەكەمان‌و بەشداریكردن لەخولی نایابی عێراق كە توانییمان سێ یاریزانی هەڵبژارەی عێراق بانگهێشتی تیپەكە بكەین لەگەڵ پیشەگەرێكی ئێرانی، هەروەها بۆ قۆناغی كۆتایی خولەكەش لەئێستادا گفتووگۆكانمان بۆ هێنانی پیشەگەرێكی تونسی‌و چەند یاریزانێكی بەهێزی یانەكانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی بەپێكهاتەیەكی جیاواز لەقۆناغی پێشوو بەشداری خولەكە بكەین.


كەمال رووینکردەوە:" ئامانجی یەكەمی یانەكەمان بەدەستهێنانی یەكێك لەپلەكانی یەكەم تاسێیەمی خولەكەیە، چونكە دەبینە یەكێك لەنوێنەری یانەكانی عێراق لەپاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا‌و یانەكانی عەرەب، بۆیە سوپاسی تایبەتی بۆ وەزیری وەرزش‌و لاوانی عێراق كە بەبەردەوامی هاوكاری كردووین.


دوای ئەنجامدانی 10یاری لەخولی نایابی عێراق، یانەی سلێمانی خاوەنی 7بردنەوە‌و 3دۆڕاندنە‌و لەپلەی پێنجەمیش خۆی دەبینێتەوە بەكۆكردنەوەی 21خاڵ.


هەریەك لەیانەكانی شورتە‌و تەڵەبە‌و دیالەو جەیش‌و سلێمانی‌و موسەیب سەركەوتن بۆ قۆناغی كۆتایی خولی نایابی تۆپی دەستی یانەكانی عێراق كە بڕیارە كۆتایی مانگی داهاتوو لەشاری بەغداد كێبڕكێكانی ئەنجام بدرێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure