بەوێنە: ئاسۆ بووە پاڵەوانی یانەکانی پارێزگای هەولێر لە یاری جۆدۆ

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 94‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لە شاری هەولێر بە بەشداری پێنج یانەی سنوری پارێزگای هەولێر، پاڵەوانیەتی جۆدۆ بۆ ئاستی پێشکەوتووانی کوڕان بەڕێوەچوو دوای رکابەرییەکی بەهێزیش یانەی ئاسۆ توانی پلەی یەکەم بباتەوە.
یەکێتی ناوەندی جۆدۆی کوردستان بە هاوکاری لقی هەولێری یەکێتییەکە و بە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، هەڵسا بە کردنەوەی پاڵەوانیەتییەک بۆ پێنج یانەی سنوری پارێزگای هەولێر کە پێکهاتبوون لە یانەکانی ؛ (ئاسۆ، خەبات، زانکۆی جیهان، نیشتیمان و قەڵای تورکمان).
دوای رکابەرییەکی دوو رۆژی لە نێوان یانە بەشداربووەکان ، یانەی ئاسۆ توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و هەریەک لە یانەکانی زانکۆی جیهان بە پلەی دووەم و یانەی نیشتیمان بە پلەی سێیەم هات و خەڵات بەسەر یاریزان و تیپە سەرکەوتووەکان دابەشکرا.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ (عەبدولخالق محەمەد) سکرتێری لقی هەولێری یەکێتی جۆدۆی کوردستان ئامانجی ئەم پاڵەوانیەتییەی خستەڕوو بەوەی کە دەیانەوێت یانە و یاریزانان بۆ پاڵەوانیەتییە عێراقییەکان ئامادەبکەن چونکە ئەم یارییە بناغەیەکی بەهێزی لە شاری هەولێر هەیە و مەبەستیانە پارێزگاری لە پێگەکەی بکەن.
یاری جۆدۆ تایبەتمەندییەکی هەیە بەوەی کە وەرزشێکی ئۆڵۆمپییە و باوەڕپێکراوە بەڵام لە کوردستان کەمترین بایەخی پێدەدرێت و پەیوەندی نێوان یەکێتی ناوەند و لقی شارەکان لەسەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەم یەکێتییە زۆر لاواز بوو لە ئێستاشدا بەرپرسان و یاریزانان و راهێنەرانی ئەم یارییە ئومێدەوارن لە سەردەمی کارگێڕی نوێی یەکێتی ناوەندی جۆدۆی عێڕاق بایەخی زیاتر بە یاریزانانی کورد بدرێت و مافی خۆیان وەربگرن لە هەڵبژاردەکانی عێڕاق لە سەرجەم ئاستەکان.
یاری جۆدۆ جۆرێکە لە وەرزشە هونەرە جەنگییەکان بەڵام لێدانی تێدا نییە و بەجۆرێک لە جۆرەکانی لە زۆرانبازی رۆمانی سەربەست دەچێت کە یاریزان پێویستە رکابەرەکەی لە بازنەی حەلەبە فڕێبداتە دەرەوە یاخود پشتی لە بە زەویدا بدات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure