دەرجال هێشتا نەبووەتە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق پڕۆژەیەکی گەورەی وەرزشی ئاشکراکرد

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 242‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق (عەدنان دەرجال) پڕۆژەیەکی گەورەی وەرزشی ئاشکرا دەکات کە پێگەیاندنی ١٣٠٠ راهێنەرە بە شێوەیەکی ئەکادیمی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریزانانی تازەپێگەیشتوو لە سەرتاسەری عێراق.


لە شاری بەغداد و بە دیاریکراوی لە هوتێل عەشتار شیراتۆن کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی بۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و براوەی کەیسی دژ بە یەکێتی تۆپی پێی عێراق (عەدنان دەرجال) سازکرا ، هاوکات ئەستێرەی ناسراوی تۆپی پێی عێراق (یونس مەحمود) ـیش ئامادەی بوو.


لەم کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییە راگەیانرا کە لیژنەیەک لە یەکێتی تۆپی پێی جیهانی سەردانی عێراق دەکەن و لە غیابی یەکێتی تۆپی پێ، لەگەڵ کەسایەتییە وەرزشییەکانی عێراق کۆدەبنەوەو  بڕیار لە کردنەوەی خولی نێودەوڵەتی بۆ ١٣٠٠ راهێنەر دەدرێت کە ئەم راهێنەرانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی بۆ پێگەیاندنی یاریزانی تازەپێگەیشتوو ئامادە دەکرێن.


دەرجال دووپاتی کردەوە کە کێشەی کەسی لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی تۆپی پێی عێراق نەبووە و نابێت و تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەوانیش بە پێی ئاست و توانای خۆیان خزمەتی تۆپی پێی عێراقیان کردووە، بەڵام بەڵێنی ئەوەی دا کە سەردەمێکی نوێ روو لە وەرزشی عێراق دەکات.


دەربارەی ئەم خولە نێودەوڵەتییە کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهانییەوە بۆ راهێنەران سازدەکرێت، دەرجال دووپاتی کردەوە کە تێکڕای راهێنەرانی عێراق لێی سوودمەند دەبن لە زاخۆوە تاوەکو فاو بە بێ جیاوازی ئایین و نەتەوە و تائیفی وتیشی: "لەپاڵ پێگەیاندنی ١٣٠٠ راهێنەری ئەکادیمی، ١٠٠ بەڕێوەبەری هونەریش لە سەرتاسەری عێراق پێدەگەیەنن".


دەربارەی شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی خولەکە (عەدنان درجال) وتی: "لە هەفتەی یەکەمدا وەزارەتی وەرزش و لاوان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی لقی شارەکانی پارێزگاکانی عێراق سەرپەرشتی فەراهەمکردنی راهێنەر و یاریزانە تازەپێگەیشتووەکان دەکات پاشان مەرج و رێنماییەکانی بەشداریکردنی هەر راهێنەرێک لەم خولە بڵاودەکرێتەوە"


لە کۆتایی پرێس کۆنفڕانسەکەدا ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرای دەکات کە ئەو سەرۆک و جێگر و ئەندامانەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەستنیشاندەکرێن، چوار ساڵ یەکێتییەکە بەڕێوەدەبەن نەوەک تەواوکردنی ماوەی یاسایی ئەم خولە کە تەنها دوو ساڵی ماوە".


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure