بەوێنە: هەولێر بە راهێنەرایەتی رادان و یاریزانە نوێیەکان سەرجەم یارییە دۆستانەکانی بردووەتەوە

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 143‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

یانەی هەولێر بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، چەندین یاری لەگەڵ یانە کوردستانییەکان و یانەی موسڵ ئەنجامداوە و لە سەرجەم ئەم یارییانەی بە یاریزانە نوێیەکانەوە ئەنجامیداوە، براوە بووە.
هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێککەوتی ١٣ ـی شوبات، پێنجەم یاری دۆستانەی ئامادەکاری خۆی ئەنجامدا بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هەولێری هەڵگری نازناوی خولی نایابی کوردستان و یارییەکەشی بە گۆڵێکی بێ وەڵام لێ بردەوە.
بەر لەم یارییە هەولێر بە رابەرایەتی (ڕادان گاسانیچ) راهێنەر و ئەو یاریزانانەی لە گواستنەوەی زستانە هاتوونەتە ریزەکانی، چوار یاری دیکەی دۆستانەی بردۆتەوە بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی زاخۆ (٣-هیچ) ، پێشمەرگەی هەولێر (٤-٢) ، موسڵ (٦-هیچ)، برایەتی (٢-١) لە پێنجەم یاری دۆستانەش ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ جاری دووەم لە پێشمەرگەی هەولێری بردەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ماوەی ئامادەکاری یانەکە لە دوو مانگی رابردوودا، تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر هیچ یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری بەرامبەر ئەم یانانە ئەنجام نەداوە کە لە ئێستادا بەشداری خولی نایابی عێراق ـن ئەمەش بە ڕای شارەزایان و راهێنەران رەنگە ببێتە کێشە بۆ تیپەکە بەهۆی ئەوەی کاتێکی زۆر بەسەر وەستانی خولی نایابی عێراق تێپەڕبووە و شێوازی یاریکردنی یانە عێراقییەکان بە راهێنەرە کڕواتییەکە و بەشێک لە یاریزانە نوێیەکانی یانەی هەولێر ئاشنا نییە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure