بەوێنە:لەم گەڕەی خولی پلە یەکەکان لە ٦ یاری تەنها ٤ گۆڵ تۆمارکراو چوار یاری بێ گۆڵ یەکسانبوو

ناوخۆیی :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 106‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لە هەفتەی دووەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، گەڕێکی سارد و بێ ناوەڕۆک بەڕێوەچوو بە جۆرێک لە کۆی شەش یاری خولەکە تەنها چوار گۆڵ تۆمارکرا کە سیانیان تەنها لە یەک یاری بوون، چوار یاریش بە بەرامبەربوون بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بەکۆتاهات.

لە شارۆچکە قەشەنگەکەی شەقڵاوە هەردوو یانەی شەقڵاوە و ئاسۆ بەیەکگەیشتن و هاوشێوەی کەشە ساردەکەی ئەم شارۆچکەیە، ئەنجامەکەش بە ساردی کۆتاییهات.
شەقڵاوە دەیوست لەم یارییە قەرەبووی شکستەکەی هەفتەی رابردوو بکاتەوە بۆیە بە گڕوتینی بردنەوە رووی لە یاریگە کرد، بەڵام ئەنجامی یارییەکە بە خواستی هیچ کامێکیان نەبوو.
یارییەکە لە نیوەی یەکەم بە ئاستێکی مامناوەند بەڕێوەچوو هیچ کامێکیان مەترسی راستەقینەیان لەسەر گۆڵی تیپی بەرامبەر دروست نەکرد.
لە نیوەی دووەمیش سەرەڕای گۆڕانکارییەکان لە پلانی هەردوو راهێنەر و هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ ئاکام بوو یارییەکەش بە ئەنجامی خاڵی دەسپێک، بەکۆتاهات.
بەم یەکسانبوونە ئاسۆ کۆی خاڵەکانی لە دوو یاری بووە ٢ خاڵ و شەقڵاوەش خاوەنی خاڵێکی تاقانەیە.
هەر لە میانی رکابەرییەکانی گەڕی دووەم، یانەی کۆیە لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی خاکی شاری کەرکوکی کرد و یارییەکەش بە ئەنجامێکی سارد و بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بەکۆتاهات.
کۆیە لەم یارییە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی، لێدانێکی سزاشی لەدەستدا و ئێستا بە بردنەوەیەک و یەکسانبوونێک خاوەنی ٤ خاڵە.
ئاکرێ دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی خولەکە دووچاری شکست هات لەم هەفتەیە لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی خانەقینی کرد و یارییەکەش بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بە یەکسانبوون کۆتاییهات.
سوودمەندی سەرەکی ئەم هەفتەیە یانەی چەمچەماڵ بوو کە بە تۆمارکردنی ٣ گۆڵ دوور لە یاریگەی خۆی، بە تەنها پێشەنگی یانەکانی گرت بە کۆکردنەوەی ٦ خاڵ و تۆمارکردنی ٦ گۆڵ.
ریزبەندی یانەکانی پلە یەک دوای دوو هەفتە بەمشێوەیە:
١.چەمچەماڵ    ٦ خاڵ
٢.کۆیە      ٤ خاڵ
٣.هەڵەبجەی شەهید ٤ خاڵ
٤.سەیدسادق  ٣ خاڵ
٥.رزگاری   ٣ خاڵ
٦.ئاسۆ  ٢ خاڵ
٧.ئاشتی  ٢ خاڵ
٩.هەڵۆ  ١ خاڵ
١٠.خاک  ١ خاڵ
١١.خانەقین ١ خاڵ
١٢.شەقڵاوە ١ خاڵ
١٣.ئاڵتون کوپری ١ خاڵ



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure