بەوێنە:یەکسانبوون خۆی بەسەر یارییەکەی قوەجەوییە و مەولودییەی جەزائیری فەرزکرد

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 172‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە شاری هەولێر یانەی مەولودییەی جەزائیری بووە میوانی یانەی قوەجەوییەی عێراقی، لە میانی یارییەکانی چوونی قۆناغی شازدەی جامی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب و یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتاییهات.
ئەم یەکسانبوونە ئەرکی کوڕانی ئەیوب ئۆدیشۆی بۆ پەڕینەوە بۆ قۆناغی هەشت قورس کرد، بە تایبەت کە لە یاری گەڕانەوە لە وڵاتی جەزائیر دەبێتە میوانی یانە جەزائیرییەکە لە رێککەوتی ١٦ ـی دیسێمبەری داهاتوو.
لە رووی هونەرییەوە یارییەکە بە ورەیەکی بەرزەوە بەڕێوەچوو هاندەرێکی زۆری یانە جەماوەرییەکەی شاری بەغداد لە خوارووی عێراقەوە بۆ هاندانی تیپەکەیان روویان لە شاری هەولێر کردبوو سوپاسی ئەو میواندارییەی شاری هەولێریشیان کرد کە ئەم یارییەی لە باوەش گرتووە.
لە نیوەی یەکەم یانە عێراقییەکە باشتر بینرا لە خولەکی (٢٠)، (ئەیمەن حسێن) خەریک بوو تۆڕی گۆڵی تیپی میوان بهەژێنێت بەڵام بەخت یاوەری نەبوو.
پیشەگەرە ئەفریقییەکەی یانەکەی پایتەختی جەزائیر بە هێرشێکی مەترسیدار وەڵامی دایەوە بەڵام (محەمەد ساڵح) ـی گۆڵپارێز بووە بەربەست لەبەردەم ئەم هەڕەشەیە.
لە گێمی دووەم بارودۆخەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهات و هەمان سیناریۆی نیوەی یەکەمی یارییەکە دووبارە بوویەوە و یارییەکەش تا کۆتایی بە ئەنجامێکی سارد مایەوە سەرەڕای ئەوەی یاریزانانی هەردوو یانە هەموو هەوڵێکیان تاقیکردەوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە ئەنجامی یارییەکە.
لە یاری گەڕانەوە قوەجەوییە لە جەزائیر دەبێتە میوانی یانەی مەولودییە و ئەنجامی ئەم یارییە ناسنامەی یانەی سەرکەوتوو بۆ قۆناغی هەشتی جامەکە دیاری دەکات.
ئەم یارییە بڕیاربوو لە شاری کەربەلا بەڕێوەبچێت بەڵام بەهۆی بەردەوامی ناڕەزاییەکانی خەڵک و خۆپیشاندان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، یەکێتی تۆپی پێی عەرەب رەزامەند بوو لەسەر گواستنەوەی ئەم یارییە بۆ هەولێری پایتەخت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure