ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ باشترینه‌ و بژارده‌ی گۆڤار و رۆژنامه‌كانی هۆڵه‌ندایه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 211‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی هۆڵه‌ندا ناوی كوردستاره‌كه‌ی یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ-ی هۆڵه‌ندا و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا ده‌خه‌نه‌ نێو پێكهاته‌ی باشترینه‌كانی هه‌فته‌ (هه‌ڵبژارده‌ی هه‌فته‌)ی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا كه‌ به‌ (ئێریدیڤیزی-Eredivisie) ناسراوه‌.
پاش ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی یاریگادا و له‌یاری یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی فۆرتونا سیتارد له‌هه‌فته‌ی دووه‌می قۆناغی یه‌كه‌می خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا پێشكه‌شی كرد و تیایدا هه‌ردوولا یه‌كسانبوون و ئه‌میش تاكه‌ گۆڵی یانه‌كه‌ی له‌خوله‌كی 59دا سازكرد، گۆڤاری (ڤوتبال ئینته‌رناسیۆنال- Voetbal International) و رۆژنامه‌ی (ئالگیمین داگبلاد- Algemeen Dagblad)ی هۆڵه‌ندایی له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ محه‌مه‌د عوسمان-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كوردی یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ-یان بۆ پێكهاته‌ی باشترین 11 یاریزانی هه‌فته‌ (ئێلفتال ڤان دی ویك-elftal van de week) هه‌ڵبژارد.
له‌پێكهاته‌كه‌ی  گۆڤاری (ڤوتبال ئینته‌رناسیۆنال- Voetbal International) كه‌ تایبه‌تمه‌ند به‌یاری تۆپی پێ و هه‌فتانه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌، یاریزانانی یانه‌ی ئه‌جاكس ئه‌مستردام به‌ 5 یاریزان (مارتینێز و تاگلیافیكۆ و ڤان دی بیك و تادیچ و زییچ) كۆنترۆڵیان كردووه‌، محه‌مه‌د عوسمان-ی ناوه‌ڕاستكاری یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ له‌هێڵی ناوه‌ند ناوی هاتووه‌ و جگه‌ له‌مانه‌ش پێكهاته‌كه‌ ناوی هه‌ردوو یاریزان (دێرڤیسۆگلو و هارۆوی) یاریزانانی یانه‌ی سپارتا رۆتردام و كیرك له‌یانه‌ی ئوتریخت و باومگارتل له‌یانه‌ی ئایندهۆڤن و  زوینكلز له‌یانه‌ی ئادۆ دین هاخ-ی تێدایه‌.  
له‌پێكهاته‌ی و رۆژنامه‌ی (ئالگیمین داگبلاد- Algemeen Dagblad) كه‌ڕۆژانه‌ له‌شاری رۆتردام ده‌رده‌چێت، له‌یانه‌ی هیراكلیس ناوی محه‌مه‌د عوسمان له‌هێڵی ناوه‌ند به‌ 7.5 خاڵ و چزیبۆریا له‌هێڵی به‌رگری به‌ 7 خاڵ هاتووه‌ و جگه‌ له‌م 2 یاریزانه‌ش، ناوی مارتینێز و و زییچ له‌یانه‌ی ئه‌جاكس ئه‌مستردام و ماهیر و كلایبێر له‌یانه‌ی ئوتریخت و دێرڤیسۆگلو له‌یانه‌ی سپارتا رۆتردام و دلارگێل له‌یانه‌ی توینتی ئه‌نشكیده‌ و دریسڤیچ له‌یانه‌ی هیرینڤین و گرۆت له‌یانه‌ی ڤیتسه‌ ئارنهایم و ستینكس له‌یانه‌ی ئه‌ی زێد ئالكامار هاتووه‌.
محه‌مه‌د عوسمان-ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ و ناوه‌ڕاستكاری لاوی كوردی دانیشتووی هۆڵه‌ندا كه‌خه‌ڵكی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانه‌، وه‌ك باشترینی نێو یاریزانانی یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ دیاری كراوه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی به‌و تاكه‌ گۆڵه‌ی بۆ یانه‌كه‌ی له‌دووه‌م هه‌فته‌ی یارییه‌كانی خولی نایابدا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی فۆرتونا سیتارد سازی كرد، به‌شایسته‌یی و ئاستی به‌رزی جێگه‌ی خۆی له‌هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌دا كرده‌وه‌.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌مه‌ بۆ جاری دووه‌مه‌ ئه‌م گۆڤار و رۆژنامه‌یه‌ له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ له‌یه‌ك هه‌فته‌دا محه‌مه‌د عوسمان-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كورد بۆ باشترینه‌كانی هه‌فته‌ی خولی نایاب دیاری ده‌كه‌ن و وه‌رزی رابردوو 2018-2019 له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 21ی قۆناغی دووه‌می خوله‌كه‌دا به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ردوولا له‌یه‌ك كاتدا ناویان خسته‌ نێو پێكهاته‌ی باشترین تیمی هه‌فته‌ی خولی نایاب.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure