بەوێنە: شەوێکی رەش بۆ یانە کوردییەکان لە شاری بەغدا

ناوخۆیی :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 230‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناغی کۆتایی کۆمەڵەکانی خولی پلە یەکی عێڕاق لە تۆپی پێ، یانە کوردییەکان شەوێکی رەش و خەمناکیان لە شاری بەغدا بەڕێکرد کاتێک یانەی زاخۆ بە گۆڵێکی بێ وەڵام بە سەناعە دۆڕا و برایەتی بەرامبەر یانەی سوق شیوخ یەکسانبوو.


لەسەر یاریگەی یانەی سەناعە هەردوو یانەی زاخۆ و سەناعە بەیەکگەیشتن، هەرزوو ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی سەناعە هەژمارکرد و بەهۆیەوە بە گۆڵێک پێشکەوتن.
سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی کورانی پردی دەلال بۆ راستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بە درێژایی یارییەکە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ سوود لە کۆتا خولەک زاخۆ گۆڵێکی تۆماکرد بەڵام ناوبژیوان بە بیانووی ئۆفساید گۆڵەکەی رەتکردەوە.


دوای ئەم یارییە هەردوو یانەی برایەتی و سوق شیوخ لەسەر یاریگەی یانەی کەرخ بەیەکگەیشتن و یارییەکەش بە (٢-٢) گۆڵ بە کۆتاهات.
یەک خولەک بەسەر دەسپێکی یارییەکە تێپەڕبوو کاتێک هێرشبەری یانەی سوق شیوخ (عەممار داخل) یانەکەی بە گۆڵێک پێشکەوت.
ئەگەرچی لەم گێمەدا برایەتی هەوڵی راستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکەی دەدا ،بەڵام هەوڵەکان بێ بەرهەم بوو ئەم گێمە بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە دژی یانەی برایەتی بە کۆتاهات.
لە نیوەی دووەم برایەتی باشتر بینرا بەڵام سوق شیوخ لە هێرشێکی هەڵگەڕاوە لە رێگەی هەمان یاریزانی خاوەنی گۆڵی یەکەم، گۆڵی دووەمیشی زیادکرد.


چوار خولەک بەر لە تەواوبوونی یارییەکە و بەهۆی بێ هیوانەبوونی سەوزپۆشەکانی شاری هەولێر، توانییان لە ماوەی کەمتر لە دوو خولەک، دوو گۆڵی لەسەریەک تۆماربکەن و ئەنجامە راستبکەنەوە لە رێگەی یاریزانان (عومەر سەددام و سەفین مەنسوڕ).
لە دوا خولەکەکانی یارییەکە ناوبژیوانی گۆڵێکی راست و دروستی یانەی برایەتی بە بیانووی ئۆفساید رەتکردەوە و ئەمەش ناڕەزایی زۆری کارگێڕی و راهێنەران و یاریزانانی یانەی برایەتی لێ کەوتەوە.
بەم ئەنجامە و سەرەڕای شکستی بەرامبەر سەناعە، یانەی زاخۆ هەر لە پێشەنگ مایەوە بە کۆکردنەوەی ٦ خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی میواندار.
ریزبەندی رکابەرییەکانی گروپی یەکەم دوای ٣ گەڕ بەمشێوەیە:
١.زاخۆ ٦ خاڵ
٢.سەناعە ٦خاڵ
٣.برایەتی ٥ خاڵ
٤.سوق شیوخ ٤خاڵ
٥.کوفە ١ خاڵ
٦.رومادی  هیچ خاڵی نییە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure