یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بەهۆی ٣ یانەوە مەترسی سزادانی هەیە

ناوخۆیی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 307‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق لە بەردەم هەڕەشەی سزادانییەتی لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بە پێبژاردنی بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار بەهۆی هەبوونی کەموکوڕی لە دۆسیەی رێگەپێدان و نەبوونی یاریگەی شیاوی ٣ یانەی بەشدار لە خولی نایابی عێڕاق.

 

  یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا داوای لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق کردووە، سەرجەم ئەم یانانەی کە لە خولی نایابی عێراق بەشدارن پێویستە بەر لە دەسپێکی خولەکە دۆسیەی میوانداریکردنی یارییەکان و شیاوی یاریگە پێشکەشی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بکەن، کەچی ٣ یانە تاکو ئێستا کەموکوڕی لە دۆسیەکانیان هەیە و یاریگەی شیاوی تایبەت بەخۆیان نییە بۆ یارییەکانی خولی نایابی عێڕاق.


هەر سێ یانەی؛ (دیوانییە، مینا، نەوتی باشوور) تاکو ئێستا دۆسیەی مۆڵەتپێدانیان بە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق نەداوە سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەم ماوەیەی کە بۆیان دیاریکرابوو.


لیژنەی مۆڵەت پێدان لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق رایگەیاند رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ١٠ ـی تەمموز دوا وادە بوو لە بەردەم هەر سێ یانەی (دیوانییە، مینا و نەوتی باشور) بۆ پێدانی مۆڵەتی رێگەپێدان بە یاریکردن لە نێو یاریگەی خۆیان و چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕییەی لە دۆسیەکانیان هەبوو، کەچی هەر سێ یانە تاکو ئێستا ئەم کێشەیان چارەسەرنەکردووە و لە ئەگەری بەشداریکردنی ئەم ٣ یانەیە لە وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێڕاق، یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بە بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار غەرامەدەکرێت.
لیژنەی مۆڵەت پێدان لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق ماوەی پێنج رۆژی دیکەی درێژکردۆتەوە بۆ ئەم ٣ یانەیە بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی دۆسیەی مۆڵەتەکانیان چارەسەربکەن بە پێچەوانەوە یەکێتییەکە ئامادە نییە بڕی غەرامەکە بە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بدات و ساڵی داهاتوو، ئەم ٣ یانەیە لە خولی نایابی عێڕاق بێ بەش دەبن و بە جێگەی ئەوە ٣ یانەی دیکە لە خولی پلە یەکی عێڕاق بۆ ریزی یانە نایابەکان سەردەخرێن.


هاوکات یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق رایگەیاندووە کە ئەگەر یانەی تەڵەبە قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەری چارەسەرنەکات و مافە داراییەکانی یاریزانانی نەدات، ئەوا هاوشێوەی ئەم ٣ یانەیە، ساڵی داهاتووی مافی بەشداریکردنی لە خولی نایابی عێڕاق نابێت و بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان دادەبەزێندرێت.


لە ئەگەری سزادانی ئەم یانانەی ئاماژەیان پێکراوە ئەوە هەر سێ یانە کوردییەکەی خولی پلە یەک ( زاخۆ، برایەتی و گازی باکوور) سوودمەندی سەرەکی ئەم بڕیارە دەبن و بە جێگەی یانە سزادراوەکان، یانەکانی پلە یەک بۆ ریزی یانە نایابەکان سەردەخرێن بۆ تەواوکردنی ژمارەی یاسایی خولی نایابی عێڕاق کە بڕیاردراوە بە بەشداری (٢٠) یانە بەڕێوەبچێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure