به‌ڤیدیۆ: یه‌كه‌م گۆڵی ناوه‌ڕاستكاره‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عیراق له‌ئالسڤێنسكانی یانه‌كانی سوید

کوردە پیشەگەرەکان :: 15/05/2019‌ :: 290‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی بی كه‌ی هێكن-ی سویدی و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عیراق یه‌كه‌م گۆڵی خۆی له‌ ئالسڤێنسكانی یانه‌كانی سوید تۆماركرد و پێنجه‌م بردنه‌وه‌ی خولی ئه‌مساڵیشی به‌یانه‌كه‌ی به‌خشی. 
 (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2019)، یانه‌ی بی كه‌ی هێكن به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی هه‌ردوو  ناوه‌ڕاستكاری كورد (داڵه‌هۆ ئیراندوست و ئه‌حمه‌د یاسین) و یه‌ده‌گی هێرشبه‌ری كورد (میرڤان چیلیك) له‌هه‌فته‌ی نۆیه‌می خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید (ئالسڤێنسكان)دا، له‌سه‌ر یاریگای براڤیدا ئه‌رینا و له‌به‌رده‌م زیاتر 2731 ته‌ماشاكه‌ردا میوانداریی له‌یانه‌ی كالمار ئێف ئێف كرد و سه‌ره‌نجامیش توانی ئه‌نجامی كۆتایی به‌گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌حمه‌د یاسین غه‌نی ناوه‌ڕاستكاری كورد له‌خوله‌كی 68دا تۆماری كرد. 
له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌دا هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ یه‌كسانبوون و له‌نیوه‌ی دووه‌میشدا له‌ئه‌نجامی گۆڕانكارییه‌كانی راهێنه‌ری یانه‌ی بی كه‌ی هێكن و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی میرڤان چیلیك-ی هێرشبه‌ری كورد له‌خوله‌كی 66دا، یارییه‌كه‌ گۆڕانكاریی به‌خۆوه‌ بینی و میرڤان یه‌كه‌م تۆپی وه‌رگرت و دای به‌هاوڕێكانی و ئه‌مانیش مه‌ترسییان دروستكرد و سه‌ره‌نجامی مه‌ترسییه‌كه‌ش تاكه‌ گۆڵی بردنه‌وه‌ی له‌خوله‌كی 68دا لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌واژووی ئه‌حمه‌د یاسین-ی ناوه‌ڕاستكاری كورد تۆماركرا.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م گۆڵی ئه‌حمه‌د یاسین بوو له‌خولی ئه‌مساڵ (2019)دا تۆماری بكات، پاش ئه‌وه‌ی له‌هه‌فته‌ی شه‌شه‌می خوله‌كه‌دا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ئه‌تله‌تیك ئیسكلستونا هه‌ر له‌م یاریگادا 2 گۆڵی له‌ماوه‌ی 10 خوله‌كه‌دا سازكرد و یانه‌كه‌شی 3-0 براوه‌بوو.
هه‌روه‌ها به‌م گۆڵه‌ی ئه‌حمه‌د یاسین-ی ناوه‌ڕاستكاری كورد یانه‌ی بی كه‌ی هێكن پێنجه‌م بردنه‌وه‌ی له‌ئالسڤێنسكانی 2019دا ده‌سته‌به‌ركرد و به‌شێوه‌یه‌كی كانیش له‌خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌وه‌ گه‌یشته‌ خانه‌ی دووه‌م به‌ 17 خاڵ له‌ 9 یاری (5 بردنه‌وه‌، 2 یه‌كسانبوون، 2 دۆڕاندن) و (12-5 گۆڵ) و (+7 گۆڵ).
شایه‌نی باسه‌ ئه‌حمه‌د یاسین غه‌نی یاریزانی كوردی فه‌یلی و هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق كه‌ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌، تائێستا له‌ئالسڤێنسكانی ساڵی 2019ی یانه‌كانی سوید له‌هه‌ر 9 یاری یانه‌كه‌یدا 745 خوله‌ك به‌شداربووه‌ و توانیویه‌تی 1 گۆڵ تۆمار و 2 گۆڵیش سازبكات، جگه‌ له‌مه‌ش له‌جامی یانه‌كانی سوید خاوه‌نی 5 یاری و 1 گۆڵه‌.

كارتی یارییه‌كه‌
-خول: نایابی یانه‌كانی سوید (ئالسڤێنسكان):
-ساڵ: 2019.
-هه‌فته‌: 9، قۆناغ: یه‌كه‌م. 
-رۆژی یاری: چوارشه‌ممه‌ 15-5-2019.
-كاتی ده‌ستپێكی یاری: 8ی شه‌و.  
-یاری: بی كه‌ی هێكن×كامار ئێف ئێف.
-یاریگا: براڤیدا ئه‌رینا.
-شار: یۆتۆبۆری/ سوید.
-ئه‌نجامی تایمی یه‌كه‌م (0-0).
-ئه‌نجامی كۆتایی (1-0).
-گۆڵی یارییه‌كه‌: ئه‌حمه‌د یاسین له‌خوله‌كی 68دا.
-داڵه‌هۆ ئیراندوست/ ناوه‌ڕاستكار-ژماره‌ 19: 86 خوله‌ك یاری كرد. 
-ئه‌حمه‌د یاسین/ ناوه‌ڕاستكار-ژماره‌ 99: 90 خوله‌ك یاری كرد.
-مێرڤان چیلیك/ هێرشبه‌ر-ژماره‌ 7: 24 خوله‌ك یاری كرد.

بۆ بینینی یاریەکە کلیک لەم لینکە بکەن


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure