یانه‌ی دینامۆ دریسدنی ئه‌ڵمانی جێگره‌وه‌ی ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ی دیاری ده‌كات

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 190‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
پاش 4 ساڵ یاری كردن بۆ یانه‌كه‌، ئه‌یاز عوسمان-ی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كوردی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا، ئاینده‌ی یاری كردنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی دینامۆ دریسدنی ئه‌ڵمانی نییه‌ و یانه‌كه‌ش له‌ئێستاوه‌ جێگره‌وه‌ی بۆ دیاری كردووه‌.
به‌پێی زانیاریی میدیاكانی وه‌رزشی ئه‌ڵمانیا ئه‌گه‌ری زۆره‌ به‌كۆتایی هاتنی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ (2018-2019)ی خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا (بۆندس لیگا 2)، خۆری یاری كردنی ئه‌یاز عوسمان-ی ناوه‌ڕاستكاری لاو و پیشه‌گه‌ریی كوردی له‌دایكبووی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان له‌یانه‌ی دینامۆ دریسدن-ی ئه‌ڵمانی ئاوابێت و ئه‌میش یه‌كێكی تر له‌و یاریزانانه‌ی كه‌ یانه‌كه‌ له‌پاش كۆتایی هاتنی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌یان له‌هاوینی ئه‌مساڵدا ده‌ستبه‌رداریان ده‌بێت.
میدیاكان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ له‌پاش ئێریك بیركۆ كه‌ چووه‌ یانه‌ی دارمشتات و ریكۆبیناتێلی كه‌ڕوویكرده‌ یانه‌ی سانت پاولی و ماركۆس شوبرت كه‌ هێشتا یانه‌ی نوێی دیاری نه‌كردووه‌، ئه‌یاز عوسمان-ی ته‌مه‌ن 24 ساڵ یه‌كێكی تر له‌وانه‌ی یانه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت، چونكه‌ جگه‌ له‌ به‌جێهێشتنی یانه‌كه‌ و دیاری كردنی یانه‌یه‌كی نوێ، ئاینده‌ی یاری كردنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی دینامۆ دریسدن نه‌ماوه‌ و ئه‌گه‌ری ماڵئاوایی كردنیشی له‌یانه‌كه‌دا چاوه‌ڕوان كراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌پاش كۆتاییهاتنی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی له‌ (رۆژی 30ی حوزه‌یرانی 2019)دا.
هه‌روه‌ها میدیاكانی وه‌رزشی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ له‌ئێستادا پێگه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ له‌یانه‌كه‌دا له‌ق بووه‌ و (كریستیان فیل)ی راهێنه‌ری یانه‌ی دینامۆ دریسدن له‌دوایین 6 یاری یانه‌كه‌یدا له‌بۆندس لیگای دووی یانه‌كانی ئه‌ڵمانیادا ته‌نها له‌ 2 یاریدا بانگهێشتی كردووه‌ و یاریشی پێ نه‌كردووه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی بێڵد-ی ئه‌ڵمانی یانه‌ی دینامۆ دریسدن (فیلیپ تۆربیتز)ی یاریزانی یانه‌ی ماگدبۆرگ-ی بۆ جێگره‌وه‌ی ئه‌یاز عوسمان-ی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد دیاری كردووه‌ تا له‌میركاتۆی هاوینی ئه‌مساڵدا بۆندی له‌گه‌ڵدا بكات و له‌هێڵی ناوه‌ند-پێشه‌وه‌دا شوێنی بگرێته‌وه‌.
پێشووتریش رۆژنامه‌ی بێڵد-ی ئه‌ڵمانی، ئه‌وه‌ی دركاندبوو كه‌ پاش ده‌ستبه‌كاربوونی (كریستیان فیل) وه‌ك راهێنه‌ری یانه‌ی دینامۆ دریسدن، یانه‌كه‌ ناوی 6 یاریزانی خستووه‌ته‌ لیستێكه‌وه‌ كه‌ دووریان بخاته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌یاریزانه‌كان ئه‌یاز عوسمان-ی یاریزانی هێڵی ناوه‌ند-پێشه‌وه‌ی یانه‌كه‌ بووه‌ و یاریزانی ناوبراویش خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌یاز عوسمان-ی یاریزانی لاوی كورد كه‌ له‌شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان له‌دایكبووه‌ و تائێستا له‌خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا (بۆندس لیگا 2)ی وه‌رزی 2018-2019دا له‌كۆی 33 یاری یانه‌ی دینامۆ دریسدن، له‌ 19 یاریدا 1308 خوله‌ك به‌شداربووه‌ و 3 گۆڵی تۆمار و 1 گۆڵیشی سازكردووه‌ و له‌جامی یانه‌كانی ئه‌ڵمانیاشدا 85 خوله‌ك له‌ 1 یاریدا ده‌ركه‌وتووه‌.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure