بڕوا نوری له‌دیداری دواڕۆژ سپۆرت: تیمه‌كه‌مان توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ ركابه‌ریی له‌سه‌ر نازناوی خوله‌كه‌ بكات

کوردە پیشەگەرەکان :: 15/05/2019‌ :: 191‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت/ تایبه‌ت
دیداری: سه‌نگه‌ر زرار

گرانترین یاریزانی كورد و بیانی نێو یانه‌ی بالی یۆنایتد و خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا  (GO-JEK LIGA 1) له‌دیدارێكی تایبه‌تی دواڕۆژ سپۆرت-دا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه‌ و به‌په‌رۆشه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی خولی وه‌رزی نوێ و هه‌ستیش به‌وه‌ ده‌كات كه‌تیمه‌كه‌یان توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ركابه‌ریی له‌سه‌ر نازناوی خوله‌كه‌ بكات و ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ر له‌م وه‌رزه‌دا ده‌سته‌به‌ربكات.
به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی خولی ئه‌مساڵی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا، دواڕۆژ سپۆرت دیدارێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ بڕوا حیكمه‌ت نوری (بڕوا نوری) ته‌مه‌ن 32 ساڵ و ناوه‌ڕاستكاری به‌ئه‌زموونی كوردی یانه‌ی بالی یۆنایتد-ی ئیندۆنیسیا و پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق ئه‌نجامدا و له‌باره‌ی خۆی و یانه‌كه‌یه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ كرد و ئه‌میش به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داینه‌وه‌:-
*دواڕۆژ سپۆرت: له‌دووه‌م ساڵی یاری كردنت له‌یانه‌ی بالی یۆنایتد تا چه‌ند ئاسووده‌ی و هه‌سته‌كانت چۆنه‌؟ 
-بڕوا نوری: زۆر خۆشحاڵ و ئاسووده‌م به‌بڕیاری یاری كردنم له‌یانه‌ی بالی، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ زۆر به‌په‌رۆش و متمانه‌ به‌خۆبوونه‌وه‌ یاری ده‌كه‌م.
*دواڕۆژ سپۆرت: تاچه‌ند ئاماده‌ن بۆ وه‌رزی نوێ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌تدا به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی جه‌ستییه‌وه‌؟
-بڕوا نوری: له‌هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ ئاماده‌ییه‌كی ته‌واوم هه‌یه‌ و به‌په‌رۆشم بۆ ده‌ستپێكی خولی وه‌رزی نوێی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا و وه‌ك وتم متمانه‌ی ته‌واوم به‌خۆم و هه‌روه‌ها یاریزانانی تیمه‌كه‌شم هه‌یه‌.
*دواڕۆژ سپۆرت: له‌و باوه‌ڕه‌دای ئه‌مساڵ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ساڵی یاری كردنت، له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌تدا باشتر ده‌ربكه‌وی؟
-بڕوا نوری: باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌مساڵ بۆمن زۆر باشتر ده‌بێت له‌ساڵی پار و ده‌توانم هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانیش باش بكه‌مه‌وه‌. 
*دواڕۆژ سپۆرت: له‌وه‌رزی نوێدا ئامانجتان له‌گه‌ڵ یانه‌ی بالی یۆنایتد چییه‌؟ 
-بڕوا نوری: ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌خولی ساڵی پێشوو باشتربین و باشتریش یاری بكه‌ین و ده‌ربكه‌وین، ئه‌مساڵ 2019 له‌توانامان دایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ناوه‌وه‌ی یاریگادا وه‌ك تیم و وه‌ك تاك-یش زیاتر و باشتر گه‌شه‌ به‌خۆمان و تواناكانمان بده‌ین، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌تیمه‌كه‌مان توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ركابه‌ریی له‌سه‌ر نازناوی خوله‌كه‌ بكات و ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ر له‌م وه‌رزه‌دا ده‌سته‌به‌ربكات.
*دواڕۆژ سپۆرت: بۆچی بۆ ئه‌مساڵ داوای ژماره‌ 6تان كردووه‌؟ 
-بڕوا نوری: ساڵی پێشوو له‌تیمه‌كه‌ماندا خاوه‌نی ژماره‌ 3 بووم، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ بۆمن نه‌گونجاو بوو، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ شوێنی یاری كردن و شێوازی یاری كردنم، من یاریزانی هێڵی ناوه‌ند – به‌رگریم، نه‌ك به‌رگری، بۆیه‌ له‌نێو یاریگادا له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی من نه‌ده‌گونجا و داوام كرد كه‌ درێسی ژماره‌ 6م پێبده‌ن. 



*بڕوا نوری كێیه‌؟
-ناو: بڕوا حیكمه‌ت نوری.
-به‌ (بڕوا نوری) ناسراوه‌.
-كوردی باشووره‌ و باوكی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و دایكی خه‌ڵكی سلێمانی-یه‌.
-رۆژی 23-1-1987 له‌شاری ورمێی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌.
-له‌وڵاتی سوید نیشته‌جێیه‌.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی و عیراقی هه‌یه‌. 
-باڵا: 177 سم.
-كێش: 70 كگم.
-یانه‌: بالی یۆنایتد/ ئیندۆنیسیا.
-هێڵی یاری كردن: ناوه‌ند.
-ژماره‌ی درێس: 6.
-ماوه‌ی بۆند: 2 ساڵ و نیو+1 ساڵ درێژكردنه‌وه‌ (25-7-2018 تا 31-12-2021).
-ساڵی 2018 له‌گه‌ڵ یانه‌ی بالی یۆنایتد 13 یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئیدۆنیسیا ئه‌نجامدا و تیایدا 897 خوله‌ك ده‌ركه‌وت.
-ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی بالی یۆنایتد 3 یاری و 192 خوله‌ك له‌جامی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا و 2 یاری و 180 خوله‌ك یاری كردن له‌جامی سه‌رۆكی ئیندۆنیسیا.
-له‌ماوه‌ی ساڵانی 2016 تا 2018 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق 9 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 1 گۆڵی تۆمار و 1 گۆڵی تری سازكردووه‌، 7 یاری و 363 خوله‌ك یاری كردن و 1 گۆڵ و 1 ئه‌سێست له‌یارییه‌ دۆستانه‌كان و 2 یاری و 92 خوله‌ك یاری كردن له‌پاڵاوتنی مۆندیالی 2018ی روسیا.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure