پاش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان.. یانه‌ی دریسدنی ئه‌ڵمانی ئۆكه‌ی به‌یاریزانه‌ كورده‌كه‌ی ده‌دات

کوردە پیشەگەرەکان :: 2 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 117‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
پاش یاری دێربی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیای یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ماگدیبۆرگ، یانه‌ی دینامۆ دریسدن-ی به‌شدار له‌خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا (بۆندس لیگا/2) ئۆكه‌ی به‌ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ی ده‌دات په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵبژارده‌ی سوریا-وه‌ بكات.
به‌پێی پێگه‌ی هه‌واڵیی (TAG24)ی ئه‌ڵمانی (ئه‌یاز عوسمان)ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كوردی یانه‌ی دینامۆ دریسدن-ی ئه‌ڵمانی زۆر دڵخۆشه‌ به‌دووباره‌ بانگهێشت كردنه‌وه‌ی بۆ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا و پاش یاری (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ی ئاداری 2019)ی یانه‌كه‌ی له‌هه‌فته‌ی 26ی بۆندس لیگای دووی ئه‌ڵمانیا كه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌شداریی تێدا ده‌كات، په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا-وه‌ ده‌كات كه‌ له‌پێشوودا ساڵی 2018ی رابردوو 4 یاری له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌كانی (ئۆزبه‌كستان و قیرغیزستان و كوێت و عومان) ئه‌نجامداوه‌.
پێگه‌ی (TAG24) باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ئێستا هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می سوریا به‌سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ری نوێ (فه‌جر ئیبراهیم) هه‌وڵ بۆ ده‌ستپێكێكی نوێ ده‌دات و ئه‌یاز عوسمان-ی ته‌مه‌ن 24 ساڵ یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانه‌ ئه‌وروپییانه‌ی كه‌ له‌تیمه‌كه‌دایه‌ بۆ هه‌ردوو یاری به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌كانی عیراق و ئوردن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ی هێڵی ناوه‌ند-پێشه‌وه‌ی یانه‌ی دینامۆ دریسدن كه‌ له‌شاری قامیشلۆ له‌دایكبووه‌ و له‌ته‌مه‌نی 4 ساڵیدا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی چووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا، هه‌فته‌ی داهاتوو ئاماده‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌كه‌ی نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ رووده‌كاته‌ سوریا و له‌كاتێكی گونجاودا په‌یوه‌ندی به‌یانه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ و (رۆژی 1ی نیسانی 2019) بۆ یاری یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ئێرتسگیبیرگه‌ ئاماده‌ده‌بێت.
پێگه‌ی هه‌واڵیی (TAG24)ی ئه‌ڵمانی باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ساڵی 2015 یه‌كێتی تۆپی پێی سوریا داوه‌تی ئه‌یاز عوسمان-ی كردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سوریا و یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وكات له‌به‌ر خراپیی بارودۆخی سوریا و شه‌ری ناوخۆیی باوكی رازی نه‌بووه‌ و دواتر له‌مانگی حوزه‌یرانی 2018 بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن بێرند ستانگی ئه‌ڵمانی و راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌كه‌ داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌ی سوریا كرا و بۆ ماوه‌یه‌كی كورت كه‌ 2 هه‌فته‌ بووه‌ له‌نه‌مسا به‌شداریی كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنانی كردووه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش كه‌سوكاره‌كه‌ی كه‌ هه‌موویان له‌سوریا ده‌ژین، باوه‌ڕیان پێی هێناوه‌ كه‌ نه‌ترسێت و دوای ئه‌وه‌ش مانگی ئه‌یلولی 2018 به‌رامبه‌ر ئۆزبه‌كستان و قیرغیزستان و مانگی تشرینی دووه‌می 2018 به‌رامبه‌ر كوێت و عومان داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ كراوه‌ و دواجاریش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی سوریا به‌شداریی پاڵه‌وانێتی جامی وڵاتانی ئاسیا نه‌كرد و كه‌مپی مه‌شق و راهێنانی یانه‌كه‌ی له‌ناوچه‌ی بیلیك-ی توركیا هه‌ڵبژارد.
شایه‌نی باسه‌ (ئه‌یاز عوسمان)ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا رووده‌كاته‌ شاری به‌سڕه‌ و به‌به‌شداریی دووه‌مین پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێی دۆستایه‌تی و ئاشتی ده‌كات و له‌وێش رۆژی 20-3-2019 به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی عیراق و رۆژی 23-3-2019 به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئوردن یاری ده‌كات و پاش كۆتایی هاتنی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی رووده‌كاته‌ ئیمارات بۆ ئه‌نجامدانی یارییه‌كی دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ڕۆژی 26-3-2019 به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی ئیمارات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure