بەوێنە: کەشوهەوا نەیهێشت لە چوار یاری سیانیان ئەنجامبدرێت

ناوخۆیی :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 116‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا


لە میانی دەسپێکی یارییەکانی جەولەی بیستەمی خولی نایابی کوردستان لە تۆپی پێ،بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ یاری بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بارانبارین و نەگونجاوی کەشوهەوا و  خراپی چیمەنی یاریگەکان، دوو یاری هەر لە سەرەتاوە ئەنجام نەدرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا یارییەکەی برایەتی و پێشمەرگەی هەولێریش لە هاوینەهەواری شەقڵاوە دوای ٣٠ خولەک لە بەڕێوەچوونی، یارییەکە راگیرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
لە یاریگەی شەقڵاوە لە سەرەتادا ستافی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یارییەکە بە گومانەوە فیکەی دەسپێکی یارییەکەیان لێدا هەرچەندە لە سەرەتای یارییەکان ناوبژیوان (نەوزاد ساڵح) چەندین جار فیکەی وەستانی یارییەکەی دا بەو بیانووەی چەند کەسێک هاتوونەتە نێو پەیژەکانی یاریگە و ئەم یارییە دەبووایە بە بێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەبچێت چونکە لە درێژەی سزادانەکەی یانەی برایەتی بوو.
یارییەکە دەستی پێکرد، لە سەرەتادا پێشمەرگەکانی پێشەنگ باشتر بینران و زنجیرەیەک مەترسییان لەسەر گۆڵەکەی سەوزپۆشەکانی هەولێر دروستکرد بەڵام هیچی لێ بەرهەم نەهات.
برایەتی مەترسییەکی ئەوتۆی لەسەر گۆڵی تیپی میوان دروستنەکرد کە شایانی باسکردن بێت.
بارانبارین هەر بەردەوام بوو تادەهات چیمەنی یاریگەکە ئاوی زیاتری تیایدا کۆدەبوویەوە بۆیە ناوبژیوانی یارییەکە لەسەر راسپاردەی سەرپەرشتیاری یارییەکە لە خولەکی ٢٨ فیکەی وەستانی یارییەکەی لێدا و لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی رۆژی شەممەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بڕیار لەسەر وادەی تەواوکردنی یارییەکە دەدرێت و لە خولەکی ٢٨ یارییەکە لە هەمان یاریگە دەسپێدەکاتەوە.
بەڕێوەچوونی ٢٨ خولەک لە کەشێکی سارد و باراناوی و نەشیاوی چیمەنی یاریگەکە هەر لە سەرەتاوە نیگەرانی یاریزانانی هەردوو تیپی لێ کەوتەوە و دوای بڕیاری وەستانی یارییەکە راهێنەری یانەی برایەتی (فاتیح حەمەخان) ئاماژەی بەوەدا: "یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەردەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەلامەتی یاریزان پێش هەموو بەرژەوەندی و بڕیارێکە بۆیە بەڕێوەچوونی ئەم یارییە بۆ ئێمە پێشبینی نەکراو بوو چونکە تۆپ دەچەقی و ئاڕاستەکان جێگیر دەبوو بەمەش پلانی هەردوو راهێنەری تیمەکان شێوابوو"
بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانبارینە بەهێزەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە یاری نێوان ئاڕاڕات و نەورۆز کە لوتکەی ئەم هەفتەیە بوو بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و هەر بە هەمان هۆکار هاندەرانی هەردوو یانەی هەندرێن و زێرەڤانیش ئەمڕۆ لە بینینی یاری یانەکانیان بێ بەش بوون و یارییەکەیان دواخرا و تەنها یاری نێوان ئاکرێ و دەربەندیخان لە شارۆچکەی ئاکرێ بەڕێوەچوو ئەویش بە یەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتاییهات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure