ژیلوان ناتوانێ بۆ عێراق یاری بكات و فیفا لە ئێستادا ئۆكه‌ی پێ نادات

کوردە پیشەگەرەکان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 816‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
ژیلوان حه‌مه‌د-ی ناوه‌ڕاستكاری به‌ئه‌زموون و نێوده‌وڵه‌تی كورد كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی بانگهێشتی ریزی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق كرا تاوه‌كو  به‌شداریی له‌دووه‌م پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی دۆستایه‌تی و ئاشتیدا بكات كه‌ رۆژانی 22 تا 26ی ئه‌م مانگه‌ یارییه‌كانی له‌شاری به‌سڕه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئۆكه‌ی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ جیهان (فیفا)، ناتوانێت له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌ بكات.
له‌مباره‌یه‌وه‌ ژیلوان حه‌مه‌د ناسراو به‌ ژیله‌، یاریزانی پیشه‌گه‌ریی كورد كه‌ له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كۆریای باشوور (كه‌ی لیگ كلاسیك) بۆ یانه‌ی ئینچیۆن یۆنایتد یاری ده‌كات، له‌میانه‌ی لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ دواڕۆژ سپۆرت، مه‌سه‌له‌ی یاریی نه‌كردنی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق بۆ كات گه‌ڕانده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ یه‌كێتییه‌كانی تۆپی پێی سوید و عیراق نییه‌ و ئه‌وان بۆ گواستنه‌وه‌ی كارتی نێوده‌وڵه‌تی یاری كردنم هه‌موو كاره‌كانی خۆیان به‌باشی كردووه‌ ، به‌ڵام لایه‌نی (فیفا) كاتیان پێویسته‌ تا ره‌زامه‌ندی كۆتایی له‌سه‌ر بده‌ن.  
ژیله‌ له‌لێدوانه‌ تایبه‌ته‌كه‌یدا بۆ دواڕۆژ سپۆرت، له‌كۆریای باشووره‌وه‌ وتی: ئه‌مڕۆ قسه‌م له‌گه‌ڵ سریچكۆ كاتانیچ-ی راهێنه‌ر و باسل گۆرگیس-ی به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی هه‌ڵبژارده‌ی عیراق كرد، وتیان (فیفا) بۆ مه‌سه‌له‌ی گواستنه‌وه‌ی كارتی نێوده‌وڵه‌تی یاری كردنی تۆ كاتیان ده‌وێت، یه‌كێتی تۆپی پێی سوید هه‌موو شتێكیان ناردووه‌ و یه‌كێتی تۆپی پێی عیراقیش كاری خۆی كردووه‌، ئێستا هه‌موو شت له‌ده‌ست (فیفا) دایه‌ و له‌لایه‌نی فیفا-ه‌وه‌ به‌لایه‌نی عیراق وتراوه‌ كه‌ شته‌كه‌ سه‌داسه‌د ده‌بێت، به‌ڵام بۆئێستا پێ راناگه‌ن و كاره‌كان جێبه‌جێ نابێت، پێویستیان به‌ 2 تا 3 هه‌فته‌ی تر هه‌یه‌، بۆیه‌ ناتوانم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌شاری به‌سڕه‌ به‌شداریی پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی دۆستایه‌تی و ئاشتی بكه‌م.
هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ دواڕۆژ سپۆرت، ژیلوان وتی: راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عیراق پێی وتم پێم خۆشه‌ بێیته‌ به‌سڕه‌ و ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌ و ئێمه‌ بناسیت و مه‌شقمان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت، منیش وتم ناتوانم ته‌نها بۆ مه‌شقكردن بێمه‌ عیراق و ناچارم له‌كۆریا بمێنمه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی یانه‌كه‌م، ئه‌ویش وتی لێت تێ ده‌گه‌م و له‌كۆریا بمێنه‌وه‌ و مانگی حوزه‌یران دووباره‌ یاریمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تونس و تیمێكی تر، ئه‌وكات سه‌دا سه‌د بانگهێشتت ده‌كه‌م.
شایه‌نی باسه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌پێشوودا جگه‌ له‌یاری كردن بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوانی سوید، ژیلوان حه‌مه‌د-ی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، 8 یاری له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می سوید كردووه‌ و له‌ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریی له‌شاری باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان له‌دایكبووه‌، نووسراوه‌كانی تایبه‌ت به‌عیراقی بوونی كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌ و كاره‌كانی گواسته‌وه‌ی كارتی نێوده‌وڵه‌تی یاری كردنی كاتی زیاتری پێویسته‌ تا (فیفا) په‌سه‌ندی ده‌كات و ره‌زامه‌ندی كۆتایی و ئۆكه‌ی پێده‌دات یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق بكات.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure