ئارام له‌خولی پله‌ دووی یانه‌كانی سوید درێژه‌ به‌یاری كردن ده‌دات

کوردە پیشەگەرەکان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 303‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت، سه‌نگه‌ر زرار

ئارام عابید-ی به‌رگریكاری لاوی كوردی دانیشتووی سوید پاش نزیكه‌ی 3 ساڵ یاری كردن له‌یانه‌ی ساندڤیكن ئای ئێف-ی سویدی، روویكرده‌ یانه‌یه‌كی خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید و هیواخوازه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌دا به‌ئاستێكی به‌رز ده‌ربكه‌وێت و یارمه‌تی بدات بۆ گه‌یشتن به‌خولی پله‌ یه‌ك.
له‌سه‌ر داوای راهێنه‌ری یانه‌ی ئای ئێف كه‌ی یۆتۆبۆری، یانه‌ی نۆسابی ئای ئێف-ی سوید-ی كه‌ له‌خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی ئۆسترا گواتالاند یاری ده‌كات، ئارام عابید-ی به‌رگریكاری لاوی كورد و پێشووی یانه‌ی ساندڤیكن ئای ئێف-ی بۆ ماوه‌ی 1 ساڵ گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی و بۆنده‌كه‌ش شایه‌نی درێژكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 1 ساڵی تر. 
ئارام-ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ كه‌ ساڵی 2018ی رابردوو له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید بۆ یانه‌ی ساندڤیكن یاری ده‌كرد و كه‌مترین یاری ئه‌نجامدا، سه‌باره‌ت به‌بیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردنی یانه‌ نوێیه‌كه‌ی، وتی: ساڵی رابردوو زۆر یاریم نه‌كردووه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو راهێنه‌ری یانه‌ی یۆتۆبۆری پێشنیازی بۆ یانه‌ی نۆسابی كردبوو كه‌ له‌گه‌ڵ مندا كۆنتراكت ببه‌ستن، كاتێك ئه‌گێنته‌كه‌م ئاگاداری كردمه‌وه‌، منیش پێم باشبوو رووبكه‌مه‌ خولی پله‌ دوو، یارمه‌تی ئه‌م یانه‌یه‌ بده‌م و په‌ره‌ به‌ئاست و تواناكانی خۆشم بده‌مه‌وه‌ و بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ی پێی ناسراوم.
هه‌روه‌ها وتی: هیواخوازم بتوانم له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌دا به‌ئاستێكی به‌رز ده‌ربكه‌وم و یارمه‌تییان بده‌م بۆ گه‌یشتن به‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید.
دواجاریش وتی: سوپاس بۆ یانه‌ی ساندڤیگن بۆ ئه‌م 3 ساڵه‌ی له‌وێ یاریم كرد، ئێستا وه‌رزێكی نوێیه‌ و له‌گه‌ڵ تیمێكی نوێ (نۆسابی ئای ئێف) به‌رده‌وام ده‌بم. 
شایه‌نی باسه‌ ده‌ستپێكی یاری كردنی ئارام عابید-ی به‌رگریكار له‌یانه‌ی ئاڤێستا ئایك بووه‌ و دواتر بۆ تیمی یانه‌كانی (ساندڤیكن ئای ئێف و سترۆمسبێرگ ئای ئێف/ به‌خواستن) یاری كردووه‌ و ساڵی 2013 له‌یانه‌ی ئایك سۆلنا ستۆكهۆڵم-ی سویدی بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌ (تێست) دابووه‌. 

*بیۆگرافیا: 

-ناوی ته‌واو: ئارام عابید.
-رۆژی له‌دایكبووی 12-9-1993.
-شوێنی له‌دایكبوون: شاری دهۆك-ی باشووری كوردستان.
-شوێنی نیشته‌جێبوون: ناوچه‌ی ئاڤێستا-ی سوید. 
-له‌ته‌مه‌نی 8 ساڵییه‌وه‌ له‌وڵاتی سوید نیشته‌جێیه‌. 
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی هه‌یه‌.
-یانه‌: نۆسابی ئای ئێف/ سوید.
-هێڵی یاری كردن: به‌رگری. 
-ماوه‌ی بۆند: 1 ساڵ،+1 ساڵی تر ده‌توانی بۆنده‌كه‌ درێژبكاته‌وه‌.
-یه‌كه‌م یانه‌: ساڵانی 2008 تا 2010 بۆ تیمه‌كانی ئاستی ته‌مه‌نی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوانی یانه‌ی ئاڤێستا ئایك/ سوید یاری كردووه‌.
-ساڵانی 2011 تا 2014: یانه‌ی ئاڤێستا ئایك/ سوید 66 یاری و 8 گۆڵ له‌خولی پله‌ سێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی سۆدرا نۆڕلاند.
-ساڵی 2015: یانه‌ی ئاڤێستا ئایك/ سوید 19 یاری له‌خولی پله‌ دووی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی نۆڕا سڤیالاند.
-ساڵی 2016: یانه‌ی ساندڤیكن ئای ئێف/ سوید 15 یاری له‌خولی پله‌ دووی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی نۆڕلاند، 2 یاری له‌قۆناغی گروپه‌كانی خولی جامی یانه‌كانی سوید.
-ساڵی 2017: یانه‌ی سترۆمیسبێرگ ئای ئێف/ سوید (به‌شێوه‌ی خواستن) 11 یاری له‌خولی پله‌ دووی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی نۆڕا سڤیالاند.
-ساڵی 2018: یانه‌ی ساندڤیكن ئای ئێف/ سوید 4 یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی نۆڕا، 1 یاری له‌قۆناغی گروپه‌كانی خولی جامی یانه‌كانی سوید.


هەواڵی زیاتر


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure