دیار رەحمان: زۆربەی ئەو بەرپرسانەی سەردانیان کردووم تەنها بۆ وێنەگرتن دەهاتن

ناوخۆیی :: 11/02/2019‌ :: 308‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

 دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

دیار رەحمان یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر کە ماوەیەکی زۆرە بە هۆی نەخۆشییەکی دەگمەن دەناڵێنێت و بەیەکجاری لە وەرزش دوورکەوتۆتەوە، ناچاربووە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی، ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە و گلەیش لە بەرپرسانی وەرزشی دەکات کە سەردانی دەکەن و وێنەی لەگەڵ دەچرکێنن و هیچ هاوکارییان نەکردووە.
دیار رەحمان ئەستێرەی تۆپی پێی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی کوردستان دوای نەخۆشكەوتنی لەماوەی رابردوو، بۆ چارەسەركردنی خۆی ناچاربووە ئۆتۆمبیلی خۆی فرۆشتووە ئەمە لە کاتێکدا مافێکی زۆری دارایی لەلای یانەی وەرزشی هەولێر ماوە.
وەک خۆی دەڵێت: "تەنها سەرۆکی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان و شوان بەكر کەسایەتی وەرزشی دیاری شاری هەولێر نەبێت كەهاوكارییان كردووم، ئیتر لەمە زیاتر هیچ بەپرسێكی وەرزشی و كەسە دیارەكانی نێو شاری هەولێر دەستی هاوكارییان بۆم درێژ نەكردووە ، زۆربەی زۆری ئەوانەی سەردانی منیان كردووە تەنها بۆ وێنەگرتن هاتوونە لام."
دیار سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنی و دەزگا راگەیاندنەش دەكات كە هاوكارییان كردووە و ماوە ماوە بەسەریان کردۆتەوە.
دیار رەحمان دووچاری نەخۆشییەکی دەگمەن بووە کە بەهۆیەوە مۆخی نێو ئێسکەکانی بەبەردەوام کەم دەکات ئەمەش ناچاریکرد بۆ چارەسەری و ئەنجامدانی نەشتەرگەری روو لە دەرەوەی وڵات بکات و لە ئەڵمانیا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا لە ئێستاشدا کۆمەڵێک دەرمانی بۆ دانراوە کە پێویستە بەردەوام بێت لەسەریان و بە گووتەی نرخی دەرمانەکانی زۆر گرانە و زۆربەشیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەست ناکەون.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure