میسییه‌ كورده‌كه‌ی ئاسیا گۆڵی ژماره‌ 100ی كرد و به‌سێیه‌م نازناویش شادبوو

کوردە پیشەگەرەکان :: 11/01/2019‌ :: 813‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
 میسییه‌ كورده‌كه‌ی ئاسیا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی سێیه‌مین ناناوی یه‌ك له‌سه‌ریه‌كی خولی نایابی تۆپی پێی بێچووه‌شێرانی یانه‌ و ئه‌كادیمیاكانی تاران/ ئێران-یان بۆ ژێر ته‌مه‌ن 15 ساڵان، به‌تیمی ئه‌كادیمیای فوتبۆڵی كیا به‌خشی و گۆڵی ژماره‌ 100ی تیمه‌كه‌شی له‌خوله‌كه‌دا تۆماركرد.
رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ یادگار رۆسته‌می به‌هره‌مه‌ندی كورد و ستارئه‌كادیمی تیمی ئه‌كادیمیای فوتبۆڵی كیا و هه‌ڵبژارده‌ی بێچووه‌شێرانی ئێران كه‌ به‌ (میسی ئاسیا) ناسراوه‌، له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 26ی خولی نایابی تۆپی پێی بێچووه‌شێرانی یانه‌ و ئه‌كادیمیاكانی تاران به‌رامبه‌ر به‌تیمی یانه‌ی په‌یكان تاران له‌هێڵی ناوه‌ند به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وت و جگه‌ له‌وه‌ی توانییان 3 گۆڵ و 3 خاڵ بۆ تیمه‌كه‌یان كۆبكه‌نه‌وه‌ و نازناوی سێیه‌مین خولی پێببه‌خشن و بۆ جاری سێیه‌میش له‌سه‌ریه‌ك ببنه‌ پاڵه‌وانی خوله‌كه‌، توانی گۆڵی سێیه‌می تیمه‌كه‌ی له‌یارییه‌كه‌دا تۆماربكات كه‌ گۆڵی ژماره‌ 100یان بوو له‌خوله‌كه‌ و گۆڵی ژماره‌ 18ی خۆشی بوو.
یارییه‌كه‌ له‌یاریگای باباجانی له‌تاران كرا كه‌ یاریگای یانه‌ی په‌یكان-ه‌ و تیایدا تیمه‌كه‌ی یادگار رۆسته‌می توانییان به‌ئه‌نجامی 3-1 براوه‌بن و 26ه‌مین بردنه‌وه‌ی یه‌ك له‌سه‌ریه‌ك له‌خوله‌كه‌دا ده‌سته‌به‌ربكه‌ن و به‌مه‌ش نازناوی خولی وه‌رزی 2018-2019 به‌كۆكردنه‌وه‌ی 78 خاڵ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.
تیمی ئه‌كادیمیای كیا كه‌ هێشتا 4 هه‌فته‌ یاری ماوه‌ له‌خوله‌كه‌دا ئه‌نجامیبدات، توانی هه‌ر 26 یاری خۆی یه‌ك له‌دوای بباته‌وه‌ و 100 گۆڵ تۆماربكات و ته‌نها 13 گۆڵی لێبكرێت و به‌ 87 گۆڵی زیاده‌ و 78 خاڵ به‌سێیه‌م نازناوی خوله‌كه‌ بگات و ركابه‌ره‌كه‌شی كه‌ تیمی یانه‌ی په‌یكان-ه‌، ئێستا به‌ 64 خاڵ له‌ 26 یاریدا له‌پله‌ی دووه‌م دایه‌.
پاش 3 یاری دابڕان له‌تیمه‌كه‌ی به‌هۆی پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری مه‌یوان، یادگار توانی یه‌كه‌م یاری ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ی بكات و تیایدا له‌یارییه‌كه‌دا ئاستێكی به‌رزه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی یاریگادا پێشكه‌ش كرد و وه‌ك داینه‌مۆی تیمه‌كه‌ ده‌ركه‌وت و گۆڵێكیشی تۆماركرد.
شایه‌نی باسه‌ یادگار واحید رۆسته‌می یاریزانی به‌هره‌مه‌ندی كورد كه‌ له‌گوندی ساوجی شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌ و درێسی ژماره‌ 10ی تیمی بێچووه‌شێرانی ئه‌كادیمیای فوتبۆڵی كیا بۆ ژێر ته‌مه‌ن 15 ساڵان ده‌پۆشێت، به‌تۆماركردنی ئه‌م گۆڵه‌، ژماره‌ی گۆڵه‌كانی گه‌یانده‌ 18 گۆڵ له‌ 15 یاریدا، به‌ڵام 18 گۆڵه‌كه‌ی له‌ 13 یاریدا كردووه‌ و ته‌نها له‌ 2 یاریدا گۆڵی نه‌كردووه‌ و له‌وكاته‌وه‌ی له‌ساڵی 2015ه‌وه‌ بۆ تیمی ئه‌كادیمیای ناوبراویش یاری ده‌كات، سێیه‌م وه‌رزه‌ له‌سه‌ریه‌ك نازناوی پاڵه‌وانی خولی نایابی تۆپی پێی بێچووه‌شێرانی یانه‌ و ئه‌كادیمیاكانی تاران له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌دا ده‌سته‌به‌رده‌كات.

 

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure