بەوێنە:هەولێر لە یاریگەی خۆی دوو خاڵی لەدەستدا، هەندرێن لە شکستەکانی بەردەوامە،پێشمەرگەی هەولێر و زێرەڤانیش یەکسانبوون

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 118‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئەنجامدانی ٣ یاری ، هەفتەی چوارەمی خولی نایابی کوردستان دەستی پێکرد ،لەسەر یاریگەی دووەمی فڕانسۆ هەریری یانەی دەربەندیخان بە ژمارەیەک هاندەری زۆرەوە ، بووە میوانی یانەی هەولێر و لە یارییەکی بەهێزدا هەردوو یانە بەیەکسانبوون رازی بوون و هەریەکەیان بە خاڵێکەوە یاریگەی جێهێشت.
یارییەکە بە فیکەی ناوبژیوان ( ئەحمەد محەمەد عەسکەر) بەڕێوەچوو کە عەسکەر لەم یارییەدا دوو لێدانی سزای بۆ هەردوو یانە هەژمارکرد.
هەر لە سەرەتاوە یانەی میوان باشتر دەرکەوت و مەترسییەکانی بۆ سەر گۆڵی هەولێری خاوەن ماڵ زیاتر بوو لە خولەکی ١١ ( کۆڕەنگ محەمەد) واژووی لەسەر گۆڵی یەکەمی تیپەکەی کرد و هاندەرانی یانەی دەربەندیخان بەم گۆڵە ئاهەنگەکانیان دەسپێکرد .
هەولێر ریزەکانی رێکخستەوە ،بەڵام مەترسییەکانی بۆ سەر گۆڵی تیپی میوان بەمجۆرە نەبوو کە شایانی باسکردن بێت تا بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەم ناوبژیوان فیکەی لێدانی سزای بۆ هەولێرییەکان لێدا و ( هۆگر حسێن ) سەرکەوتووانە لێدانە سزاکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی راستکردەوە.
لە نێو ناڕەزایی هاندەرانی یانەی میوان ستافی ناوبژیوانان و یاریزانان گەڕانەوە ژووری جل گۆڕین.
لە نیوەی دووەمی یارییەکە ، شێوازی یاریکردنی هەردوو یانەی خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بە پێچەوانەوە هاندەرانی هەردوو یانە لەسەر پلیکانەکانی یاریگە لە هاندانی تیپەکانیان نەدەوەستان.
 لە خولەکی ٦٠ ناوبژیوانی یارییەکە جارێکی دیکە فیکەی لێدانی سزای لێدا ،بەڵام ئەمجارەیان بۆ یانەی دەربەندیخان،بەڵام یاریزان محەمەد جەمال سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنی لێدانە سزاکە و ئەنجامی یارییەکە هەروەک خۆی مایەوە . سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی هەولێرییەکان بۆ بردنەوەی ٣ خاڵی یارییەکە بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان بێ سوود بوو، سەرەنجام عەسکەر فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا بە یەکسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێک و هەردوو یانە بە خالێک رازی بوون.
بەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی یانەی هەولێر لە چوار یاری بووە ٦ خاڵ و یانەی دەربەندیخانیش خاڵێکی دیکەی خستە سەر ژمارەی خاڵەکانی بووە ٥ خاڵ هەردوو یانەی چاوەڕوانی ئەنجامی چوار یارییەکەی دیکە دەکەن کە بڕیارە سبەی هەینی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە ریزبەندی خولەکە ببینن.
لەلایەکی دیکەوە و لە شارۆچکەی پیرمام یانەی پێشمەرگەی هەولێر میوانداری یانەی زێرەڤانی کرد، لەم یارییەدا پێشمەرگەی هەولێر سەرەتا بە گۆڵێکی ( محەمەد سامی) ناسراو بە ئیتۆ پێشکەوت، بەڵام خۆشییەکانی یانەکەی پیرمام زۆری نەخایاند کاتێک یانەی زێرەڤانی گۆڵی بەرامبەری لە رێگەی یاریزان ( وەلید سەلمان) تۆمارکرد لە خولەکی ٧٣ و یارییەکەش تا کۆتایی بەم ئەنجامە مایەوە و هەردوو یانە بە خاڵێکەوە یاریگەیان جێهێشت.
هەر تایبەت بە یانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر یانەی هەندرێن بەردەوام لەسەر ئەنجامە خراپەکانی و ئەم هەفتەیەش نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات لە بەرامبەردا یانەیەک کە لە خواری خوارەوەی ریزبەندییە ، لێی بردەوە ئەویش یانەی ئاکرێیە بە گۆڵێکی بێ وەڵام . گۆڵەکەش لە رێگەی یاریزان (ئەیاد سادق) لە خولەکی ٦٨ تۆمارکرا.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure