رێگه‌ به‌گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران نه‌درا رووبكاته‌ یانه‌ى بێشكتاشى توركى

کوردە پیشەگەرەکان :: 10/08/2018‌ :: 2168‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
یانه‌ى پێرسپۆلیس تاران له‌ئێستادا رێگه‌ به‌گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ى نادات رووبكاته‌ هیچ یانه‌یه‌ك و به‌مه‌ش خه‌ونى یارى كردن و یه‌كه‌م ئه‌زموونى پیشه‌گه‌ریی له‌ده‌ره‌وه‌ى ئێرانى بۆ سه‌ره‌تاى ساڵى 2019 دواخست.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕۆژانى رابردوودا میدیاكانى وه‌رزشى  ئێران و توركیا ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد كه‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵپارێزى یانه‌ى پێرسپۆلیس و هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران ئاماده‌یه‌ له‌میركاتۆى هاوینه‌دا یانه‌كه‌ى ئێستاى به‌جێبهێڵێت و  رووبكاته‌ یانه‌ى بێشكتاش-ى توركى كه‌ یانه‌یه‌كى به‌شدارى خولى سوپه‌رى تۆپى پێى یانه‌كانى توركیا (سوپه‌ر لیگ)ه‌ و یاریزانى ناوبراو و یانه‌ توركییه‌كه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌كه‌ گه‌یشتووه‌نه‌ته‌ رێككه‌وتن و ته‌نها ره‌زامه‌ندى و رێگه‌پێدانى یانه‌كه‌ى ماوه‌، به‌ڵام دواجار وته‌بێژى یانه‌ى پێرسپۆلیس كۆتایی به‌هه‌موو شتێك هێنا و ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد كه‌ له‌ئێستادا تا مانگى كانوونى دووه‌مى ساڵى 2019 رێگه‌ به‌هیچ یاریزانێكیان ناده‌ن بڕوات. 
له‌مباره‌یه‌وه‌ پیندار خمارلو وته‌بێژ به‌ناوى یانه‌ى پێرسپۆلیس تاران به‌میدیاكانى وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند ئه‌وان رێگه‌ به‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵپارێزى سه‌ره‌كى یانه‌كه‌یان ناده‌ن بچێته‌ هیچ یانه‌یه‌ك و دانیشتنیش له‌گه‌ڵ یانه‌ى بێشكتاش-ى توركى ناكه‌ن ئه‌گه‌ر هات و پێشنیازیان پێشكه‌ش كردین.
هه‌روه‌ها وتى: وه‌ڵامى نه‌خێرمان بۆ یانه‌ى بێشكتاش و هه‌ر یانه‌یه‌كى تر ده‌بێت و تا مانگى كانوونى دووه‌مى داهاتوو رێگه‌ به‌هیچ یاریزانێك ناده‌ین له‌یانه‌كه‌ماندا بڕوات، به‌تایبه‌تیش بیرانوند.
به‌شدارى كردنى بیرانوند-ى گۆڵپارێزیش له‌یارى دوێنێى یانه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى ئیستقلال خوزستان له‌هه‌فته‌ى سێیه‌مى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى ئێران (پڕۆ لیگ) كه‌هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوون، دووپات كه‌ره‌وه‌ى ئه‌و راستییه‌ كه‌یانه‌ى پێرسپۆلیس تا كۆتایی ئه‌مساڵ و نیو وه‌رزى 2018-2019 گۆڵپارێزه‌كه‌ى له‌ڕیزى یانه‌كه‌یدا ده‌هێڵێته‌وه‌ و بۆ هیچ یانه‌كه‌یه‌ك ده‌ستبه‌ردارى نابێت، چونكه‌ یانه‌ى پێرسپۆلیس ناتوانێت تا مانگى كانوونى دووه‌مى ساڵى 2019 بۆندى نوێ له‌گه‌ڵ هیچ یاریزانێكدا واژوو بكات و ئه‌گه‌ر هات و رێگه‌ به‌ڕۆیشتنى بیرانوند-ى باشترین گۆڵپارێزى پڕۆ لیگ بدات، ئه‌وا گورزێكى گه‌وره‌ى به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ جگه‌ له‌خولى پیشه‌گه‌ران، هه‌ر له‌م مانگه‌دا له‌قۆناغى 8 تیپى خولى جامى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئاسیا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى دوحه‌یل-ى قه‌ته‌ر-یش یارى ده‌كات. 
شایه‌نى باسه‌ عه‌لیڕه‌زا سه‌فه‌ر بیرانوند-ى گۆڵپارێز  كه‌ ته‌مه‌نى 26 ساڵه‌ و كوردى له‌ك-ه‌، ساڵى 2016 له‌یانه‌ى نه‌فت تاران-ه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌یانه‌ى پێرسپۆلیس تاران-ه‌وه‌ كردووه‌ و بۆندیشى تا هاوینى ساڵى 2021 له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا هه‌یه‌ و هه‌ردوو وه‌رزى 2016-2017 و 2017-2018 نازناوى پڕۆ لیگى یانه‌كانى ئێران و ساڵانى 2017 و 2018 دوو نازناوى جامى سوپه‌رى یانه‌كانى ئێران (سوپه‌ر كه‌پ)ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى ناوبراودا به‌ده‌ستهێناوه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure