فه‌نارباخچه‌ی توركی 3 ملیۆن یۆرۆی بۆ گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران داناوه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 632‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
به‌پێی رۆژنامه‌كانی توركیا ده‌نگۆی یاری كردنی گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی پێرسپۆلیس و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران له‌ڕیزی یه‌كێك له‌یانه‌ گه‌وره‌ و جه‌ماوه‌رییه‌كانی توركیا له‌ئارادایه‌ و تائێستا یانه‌كه‌ی و یاریزانه‌كه‌ش هیچ لێدوانێكی فه‌رمییان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌داوه‌.
پاش ئه‌وه‌ی یانه‌ی ریزا سپۆری توركی و به‌شدار له‌خولی سوپه‌ری ئه‌و وڵاته‌ به‌فه‌رمی بۆندی پێشكه‌شی عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ی گۆڵپارێزی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران و یانه‌ی پێرسپۆلیس (پیرۆزی) تاران كرد كه‌ له‌به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌یدا له‌ساڵی یه‌كه‌می یاری كردنی بڕی 450 هه‌زار یۆرۆی پێده‌دات و له‌ساڵی دووه‌میش ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وام بێت ئه‌وا بۆنده‌كه‌ی بۆ 600 هه‌زار یۆرۆی ساڵانه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ئێستادا یانه‌ی فه‌نارباخچه‌-ی توركی كه‌ یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ و جه‌ماوه‌ری سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی توركیایه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م گۆڵپارێزه‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌ چڕكردۆته‌وه‌ و به‌پێی هه‌واڵی میدیاكانی توركیا یانه‌ی ناوبراو ده‌یه‌وێت له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا به‌شێوه‌ی خواستن بیگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی و له‌جێگه‌ی فابیانۆ-ی گۆڵچی به‌رازیلی یاری پێ بكات كه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ بۆنده‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌.
له‌لایه‌كی تر میدیاكان ئه‌وه‌شیان دركاندووه‌ كه‌ یانه‌ی فه‌نارباخچه‌ ئاماده‌یه‌ و پێشنیازی كردووه‌ عه‌لیڕه‌زا-ی گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران به‌بڕی 3 ملیۆن یۆرۆ تا ساڵی 2021 بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی.
به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئێرانیش ئه‌م گۆڵپارێزه‌ پێشنیازی یانه‌ی فه‌نارباخچه‌ی توركی په‌سه‌ند كردووه‌ و پارێزه‌ره‌كه‌ی راسپاردووه‌ گفتوگۆی كۆتایی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌كه‌ی بكات و زۆریش خۆشحاڵه‌ به‌ده‌رچوونی له‌یانه‌كه‌ی ئێستایدا و به‌شی زۆری پاره‌ی بۆنده‌كه‌شی بۆ یانه‌ی پێرسپۆلیس بێت، چونكه‌ بۆندی تا ساڵی 2021 له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا هه‌یه‌.
ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ گۆڵپارێزه‌كه‌ی یانه‌ی پێرسپۆلیس له‌ئێستادا له‌شاری ئیسته‌نبوڵی توركیایه‌ و به‌شداری كه‌مپی مه‌شق و راهێنانی ده‌ره‌كی یانه‌كه‌شی له‌وڵاتی كرواتیا نه‌كردووه‌.
به‌ڵام سه‌رچاوه‌ نافه‌رمییه‌كان له‌یانه‌ی پێرسپۆلیس و ئه‌م یاریزانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند بۆ گه‌شت و پشوو له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی چووه‌ته‌ توركیا و بابه‌خ به‌مجۆره‌ ده‌نگۆیانه‌ نادات و بۆندی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پێرسپۆلیس-دا هه‌یه‌ و ناچێته‌ هیچ یانه‌یه‌ك و پابه‌ندی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌شی ده‌بێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure