بەوێنە: یاریزانانی خولی نایابی کوردستان لە خولێکی تیپەمیللیەکانی شەوانی رەمەزان کۆبوونەوە

ناوخۆیی :: 13/06/2018‌ :: 722‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دوارۆژ: ئاری عەبدوڵڵا

پاڵەوانیەتیەكی تیپە میللیەكان لەشاری هەولێر بۆ یاریگا بچوكراوەكان بەكۆتا هات كە زۆرترین یاریزانانی خولی كوردستان و یاریزانی پیشەگەریش تێدا بەشداربووە و ئامادەبوونی هاندەرێكی زۆریش لەیاریەكان تام و چێژی بەپاڵەوانیەتیەكە دابوو.
رەنگە بەلای وەرزشکاران و وەرزشدۆستانی کوردستان حاڵەتێکی نامۆ بێ کە لە خولێکی تیپە میللیەکان هاندەرێکی زۆرتر ئامادەی بینینی یارییەکان بن وەک ئەو رێژەیەی لە خولەکانی تۆپی پێی کوردستان دەبینرا.
ساڵانە لە شاری هەولێر بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان خولێکی فوتساڵ بۆ تیپە میللیەکانی سنوری شاری هەولێر و دەوروبەری رێکدەخرێت و زۆرترین یاریزانانی خولەکانی کوردستان لە ریزی تیپە بەشداربووەکان دەبینرێت و شەوانە بە درێژایی مانگەکە یارییەکانی ئەنجامدەدرێت
رووبەروبوونەوەی هەردوو تیپی زەریا و کوردستانیش ناونیشانی  یاری کۆتایی خولەکە بوو.
بەهۆی ئەوەی پۆلێک یاریزانی ئاست بەرزی کوردستان لە ریزەکانی هەردوو تیپ دەبینرا یارییەکە هەر لە سەرەتاوە بە هێزەوە بینرا لە نیوەی یەکەم تیپی زەریا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک پێشکەوت بەڵام لە نیوەی دووەم ئاستی توندوتیژییەکان زۆر زیاتر بوو ناوبژیوان ناچاربوو دوو یاریزانی زەریا و یاریزانێکی کوردستان بە کارتی سوور بخاتە دەرەوە.
کەمی ژمارەی یاریزانانی زەریا وایکردبوو تیپی کوردستان فشارێکی زۆر بخاتە سەر گۆڵەکەیان بەڵام ئازایەتی گۆڵپارێزی زەریا بەربەست بوو لە بەردەم سەرجەم هەڕەشەکان تا دوا خولەکان کوردستان گۆڵی بەرامبەریان تۆمارکردەوە و یارییەکەیان هێنایەوە خاڵی سەرەتا.
بۆیە پەنابرایە بەر لێدانەکانی سزای یەکلاکەرەوە و تیپی کوردستان بە ٣ لێدانی سەرکەوتوو بەرامبەر بە تاکە لێدانێک براوەی ئەم یارییە بوو توانی پلەی یەکەمی خولەکە مسۆگەربکات و ناسناوەکەش لە چنگی تیپی زەریا دەربهێنێت کە هەڵگری دوو ناسناوی ساڵانی رابردووی خولەکە بوو.
خولی رەمەزانی پیرۆز ساڵانە بە بەشداری سەدان تیپ لە شاری هەولێر و لە یاریگەی زانکۆ بەڕێوەدەچێت بۆ ئەم ساڵیش ١٢٤ تیپ بەشدارییان تیادا کرد.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure