قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەی تەواو دەبێت؟

تەندروستی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 787‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

پسپۆڕانی بواری پەتا و درمەكان بە لەبەرچاوگرتنی زانیارییەكانی بەردەست سەبارەت بە ئەم ڤایرۆسە تازەیە كە پێی دەگوترێت كۆرۆنا و ماوەیەكە لە وڵاتی چین بڵاوبووەتەوە دەڵێن نەخۆشییەكە لایەنی كەم دەیان كەس تووش ئەكات و قەیرانی بڵاوبوونەوەكەی لە باشترین بارودۆخدا چەند مانگێك دەخایەنێت.


دەیڤید ڤیسمان مامۆستا لە زانكۆی تۆڕینتۆ و نووسەر لە بڵاوكراوەی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی نەخۆشییە سارییەكان دەڵێت باشترین سیناریۆ ئەوەیە كە پەتاكە هەتا بەهار و هاوینی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئینجا وردە وردە پاشەكشە دەكات. هەندێك پسپۆڕی دیكە دەڵێن زیادەڕەوی ناكەین گەر بڵێین ئەم پەتایە هەتا ماوەیەكی زۆر هەر بەردەوام دەبێت. بەڵام توێژەرەكانی بواری پەتا و درمەكان ناتوانن پێشبینی ئایندە بكەن و جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە زانیاری زۆر كەم و پچڕپچڕیان هەیە لەسەر ئەم ڤایرۆسە تازەیە كە مانگی كانوونی یەكەمی رابوردوو لە وڵاتی چین دەركەوت.

ئەم توێژەرانە گەلێك گریمانە و تیۆرییان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام هیچیان 100% مایەی دڵنیایی نین. هێشتا رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەی یەكلا نەكردووەتەوە كە ئایا مرۆڤ پێش ئەوەی نیشانەكانی تێدا دەربكەوێت ڤایرۆسەكە تووشی مرۆڤی دیكە دەكات یان نا. یەكلاییكردنەوەی ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە. چونكە ئەگەر ڤایرۆسەكە بەبێ‌ دەركەوتنی نیشانە لە نەخۆشەكەدا بڵاوببێتەوە ئەوا رەوتی پەتاكە ترسناكترە لەوەی كە چاوەڕێی دەكەین.

لە ئەنفلۆنزای ئاسایی وەرزیدا ژمارەی تووشبوونی مرۆڤەكان لە یەك نەخۆشەوە 1.3 كەسە بەڵام لە نەخۆشی سارسدا كە ساڵی 2002، 774 كەسی كوشت ژمارەكە 2 بۆ 5 كەسە، لەم نەخۆشیە تازەیەدا ژمارەكە لەنێوان 1.4 بۆ 3.8 كەسە. ئەگەر بتوانرێت ئەم ژمارەیە كەمبكرێتەوە بۆ كەمتر لە 1 ئەوا پەتاكە نامێنێت.

گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپاراستن و جیاكردنەوەی نەخۆشەكان دەتوانن رێژەی تووشبوون لەناو خەڵكی ئاساییدا كەمبكەنەوە. كاریگەری ئەم رێكارانە لە ماوەی یەك دوو هەفتەی ئایندەدا دەردەكەوێت چونكە ڤایرۆسەكە ئەوەندە رۆژ دەخایەنێت هەتا نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەردەكەون. بەشێوەیەكی گشتی پسپۆڕەكان هەموویان لەوەدا هاوڕان كە هەتا چەند هەفتەیەكی دیكە ناتوانن بە وردی هیچ پێشبینیەك لەسەر چارەنووسی پەتاكە بكەن.
رێژەی مردن بەم نەخۆشییە هەتا ئێستا 3% بەڵام هیچ گرەنتیەك نییە كە بەرزتر نەبێتەوە.

پ: ر.ف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure