دڵه‌ڕاوكێ ئه‌گه‌ر زۆر بخایه‌نێت زیانى هه‌یه‌، دکتۆر دواڕۆژ وەڵام دەداتەوە

تەندروستی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 786‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: ئامۆژگاری

دواڕۆژ

دكتۆر دواڕۆژ: سترێس و دڵه‌ڕاوكێ  ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كى كورت بخایه‌نێت نابێته‌ مایه‌ى نیگه‌رانى به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر درێژه‌ى كێشا ئه‌وا هۆڕمۆنى كۆرتیزۆڵ و هۆڕمۆنه‌كانى دیكه‌ له‌ جه‌سته‌دا ده‌توانن نیشانه‌ى مه‌ترسیدار و كاریگه‌رى خراپ جێبهێڵن.

هه‌ندێك له‌و نیشانانه‌ به‌لامانه‌وه‌ زۆر سه‌رنج راكێش نین به‌ڵام له‌ڕاستیدا ده‌رئه‌نجامى سترێسى درێژخایه‌نن، له‌وانه‌ ره‌قبوونى شه‌ویلاگ، ددان كیڕه‌كردن له‌كاتى خه‌ودا، زیپكه‌ده‌ركردن چونكه‌ سترێس ده‌بێته‌ هۆى ده‌ردانى هۆڕمۆنى ئه‌ندرۆجین كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كییه‌ له‌ دروستبوونى زیپكه‌ و عازه‌به‌دا.

نیشانه‌یه‌كى ترى سترێسى درێژخایه‌ن هه‌ستیارى پێسته‌. له‌وانه‌ وشكبوونى پێست. ئاڵۆشى درێژخایه‌ن هه‌روه‌ها تووشبوون به‌ ئه‌كزیما و نه‌خۆشی سه‌ده‌فییه‌ش ره‌گوڕیشه‌كه‌یان دڵه‌ڕاوكێ و سترێسى درێژخایه‌نه‌.

له‌ ئافره‌تانیشدا تێكچوونى بارودۆخى جه‌سته‌ له‌پێش سووڕى مانگانه‌دا زۆرجار ده‌رئه‌نجامى سترێسى درێژخایه‌نه‌. نیشانه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ نیشانه‌كانى سترێسى درێژخایه‌ن بینینى خه‌وى ناخۆش و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر زوو زوو دووباره‌ ببێته‌وه‌. هه‌روه‌ها سترێسى درێژخایه‌ن ده‌توانێت ببێته‌ هۆى جۆره‌ها سه‌رئێشه‌ به‌تایبه‌ت سه‌رئێشه‌ى جۆرى شه‌قیقه‌.

حه‌زكردن له‌ خۆراكى شیرینیش زۆرجار نیشانه‌یه‌كه‌ له‌ نیشانه‌كانى سترێسى درێژخایه‌ن. سترێسى درێژخایه‌ن كاریگه‌رى له‌سه‌ر ته‌ندروستى ده‌م و ددانیش هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت دروستبوونى برینى به‌ئازار له‌ دیوى ناوه‌وه‌ى لێو و روومه‌تدا. سه‌ر رووتانه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌كه‌ له‌ نیشانه‌كانى هه‌بوونى گوشارى ده‌روونى درێژخایه‌ن. ئه‌م موو هه‌ڵوه‌رینه‌ زیاتر له‌ چه‌ند شوێنێكى دیاریكراوى جه‌سته‌دا ده‌بینرێت. دیاره‌ هه‌ندێك نیشانه‌ى دیكه‌ش به‌هۆى سترێسى درێژخایه‌نه‌وه‌ دروست ده‌بن بۆ نموونه‌ زیادبوونى كێش بیرچوونه‌وه‌، پشت ئێشه‌، گوێ زرنگانه‌وه‌، هه‌ستكردن به‌ ماندویه‌تى، بێ هێزیى.

پێداچوونەوە: س.ن 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure