چۆن ئیسراحه‌ت بده‌ین به‌ مێشكمان؟

هەمەڕەنگ :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1144‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ


ئێمه‌ى مرۆڤ پێمان خۆشه‌ هه‌لومه‌رجى ژیانى خۆمان و خێزان و كه‌سوكارمان باش و باشتر بێت، له‌هه‌مان كاتیشدا نیگه‌رانى ئه‌وه‌ین كه‌ كێشه‌یه‌ك یان رووداوێكمان تووش ببێت. سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش ره‌نگه‌ بیر له‌ شتى تریش بكه‌ینه‌وه‌، بۆ نموونه‌ كێ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و شه‌ڕى فڵانه‌ شوێن ده‌گاته‌ كوێ و تادوایى.


له‌ڕاستیدا مێشكى مرۆڤ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ نیگه‌رانیدا بێت. هه‌میشه‌ بیر له‌ ئاینده‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌ و خه‌یاڵمان لاى ویست و ئاره‌زووه‌كانمانه‌ و ئه‌و كۆسپ و رێگرانه‌ دێنینه‌ به‌رچاومان كه‌ ره‌نگه‌ بێنه‌ به‌رده‌ممان. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ هه‌ندێك جار خواست و ئاره‌زووه‌كانمان پێچه‌وانه‌ى یه‌كترین. ئه‌م نیگه‌رانیه‌ هه‌میشه‌ییه‌ له‌ دوورمه‌ودادا كاریگه‌رى خراپ دروست ده‌كات له‌سه‌ر ته‌ندروستیمان بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ بگرینه‌ به‌ر كه‌ ده‌توانن ئاراممان بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رقاڵى مێشكمان به‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى چێژ له‌ ساته‌وه‌ختى ئێستا وه‌رنه‌گرین. زوربه‌ى كاته‌كان بیر له‌و بابه‌ت و مه‌سه‌لانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كه‌متر هۆكارى دڵخۆشیمانن، ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌وكاتانه‌دا رووده‌دات كه‌ مێشكمان سه‌رقاڵى ئه‌نجامدانى كارێكى دیاریكراو نییه‌.

مێشكى مرۆڤ به‌ جۆرێك گه‌شه‌ى كردووه‌ كه‌ له‌ژێر ئاستى هه‌ستیدا هه‌میشه‌ بیرده‌كاته‌وه‌. ئه‌مه‌ لایه‌نى ئه‌رێنى تێدایه‌ و هه‌ندێك جار ده‌توانێت ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى داهێنانى زانستى و ئه‌ده‌بى و هونه‌رى، به‌ڵام لایه‌نێكى نه‌رێنى گرنگیشى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆى دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانى.

خۆسه‌رقاڵكردن یه‌كێكه‌ له‌و رێكارانه‌ى كه‌ رووبه‌ڕووى بیرۆكه‌ نه‌رێنییه‌كانى نه‌ست ده‌بێته‌وه‌. ئه‌م كاره‌ به‌ رامانیش ده‌كرێت. یۆگا و راهێنانه‌ ئه‌قڵییه‌كان له‌پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كاریگه‌رى ئه‌رێنییان ده‌رده‌كه‌وێت له‌سه‌ر هوشیاریى و ئاگادارى مرۆڤ له‌ چالاكى و بیركردنه‌وه‌كانى.

چالاكى نه‌ستى ئێمه‌ به‌شێكه‌ له‌ مێژووى گه‌شه‌كردنى مرۆڤ تا بتوانێت بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆدا زۆر گرنگه‌ مرۆڤ بتوانێت بیركردنه‌وه‌ى نه‌ستى خۆى به‌ ئاڕاسته‌یه‌كى دیكه‌دا ببات، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت سه‌رنج له‌ هه‌ناسه‌دانى خۆت بده‌یت. هه‌رچه‌نده‌ به‌ رواڵه‌ت ئه‌م كاره‌ ئاسان دێته‌ به‌رچاو به‌ڵام مێشكى ئێمه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌.

هه‌ركاتێك هه‌ستت كرد كه‌ خه‌یاڵت ده‌ڕوات به‌لاى بابه‌ته‌ نیگه‌رانكه‌ره‌كاندا هه‌وڵبده‌ سه‌رنجت بخه‌یته‌ سه‌ر شێوه‌ى هه‌ناسه‌دانت. له‌ڕێى ئه‌م كاره‌وه‌ گرژییه‌كانى جه‌سته‌ نامێنن و هه‌ستێكى خۆشت تێدا دروست ده‌بێت. وامه‌زانه‌ ئه‌مه‌ كارێكى ئاسانه‌ چونكه‌ مێشك ئاماده‌ نییه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر سه‌رنج له‌ هه‌ناسه‌دانت بدات. به‌ڵام هه‌ر كه‌ هه‌ستت كرد مێشكت سه‌رله‌نوێ به‌دواى بیرۆكه‌ نه‌رێنییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دیسان هه‌وڵ بده‌ سه‌رنج بده‌یته‌وه‌ له‌ هه‌ناسه‌دانت و چه‌ند خوله‌كێك له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ به‌رده‌وام به‌.

له‌ڕووى فیسیۆلۆجییه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ رێكارانه‌ ده‌بنه‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆڕمۆنه‌كانى سترێس و زیادبوونى هۆڕمۆنه‌كانى دڵخۆشى كه‌ بریتین له‌ سیرۆتۆنین و دۆپامین.

پ: ئا.ح

ب: ن.م

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure