چۆن له‌ژێر گوشاردا به‌ هێمنى بمێنینه‌وه‌؟

هەمەڕەنگ :: 16/01/2020‌ :: 444‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

گوشارى به‌هێز له‌سه‌ر ژیانمان له‌ چركه‌ساته‌ چاره‌نووسییه‌كاندا ئه‌زمونێكى گرنگه‌، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئارامیى خۆمان بپارێزین. وه‌رزشكاران و ته‌واوى پێشبڕكێكاره‌كان و ته‌نانه‌ت مۆسیقاره‌ ناوداره‌كانیش له‌كاتى شكستى كاره‌كه‌یاندا ئۆباڵه‌كه‌ ئه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى ده‌ماره‌كانیان و مێشكیان. تووڕه‌بوون له‌و چركه‌ساتانه‌دا تواناكانى مرۆڤ كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ خه‌ڵكه‌ لێهاتووه‌ زۆر شاره‌زاكان. بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ چه‌ند تیۆرییه‌ك له‌ئارادان. یه‌كێك له‌و تیرۆریانه‌ ده‌ڵێت: كاتێك له‌و چركه‌ساته‌دا مێشك سه‌رقاڵ بێت به‌ مه‌سه‌له‌ نیگه‌رانكه‌ره‌كانى وه‌ك ترس و گومانه‌وه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى فۆكه‌س بخاته‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ى كه‌ پێویسته‌ جێبه‌جێى بكات، كه‌سه‌كه‌ ناتوانێت وه‌كو پێویست مه‌به‌سته‌كه‌ بپێكێت. ئه‌گه‌ر له‌ یه‌ك خاڵدا دوو مه‌سه‌له‌ كۆببنه‌وه‌، كه‌ یه‌كێكیان په‌یوه‌ندى به‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌ویتریان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى پێوه‌ نه‌بێت پێویسته‌ یه‌كێكیان بخرێته‌لاوه‌. 


مێشكى مرۆڤ، له‌ یه‌ك كاتدا ده‌توانێت ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك جۆر كۆمه‌ڵه‌ زانیاریدا بكات. له‌ژێر گوشاردا ده‌فته‌رى بیره‌وه‌رییه‌كانى ئه‌قڵ ئه‌گه‌ر تێكچوونى هه‌یه‌، واتا ئه‌گه‌ر له‌ژێر گوشاردا بیت ره‌نگه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ت بیربچێته‌وه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ ژماره‌ى ته‌له‌فون و لیستى داواكراو و ..تاد.

ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئۆتۆماتیكى ئه‌نجامیان ئه‌ده‌ین، زۆر ناكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریى گوشاره‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ئه‌رك و كارانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌ ورده‌كاریى زۆر هه‌یه‌، له‌ژێر گوشاردا شكست ده‌هێنن. دیاره‌ كاریگه‌ریى گوشاره‌كان بۆ سه‌ر مرۆڤ چونیه‌ك نییه‌. توێژینه‌وه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتر ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریى گوشاره‌وه‌ كه‌ زیاتر خۆیان ده‌ناسن و كه‌سایه‌تیه‌كى هه‌ستیاریان هه‌یه‌ و ده‌ترسن خه‌ڵكیى حوكمى خراپیان له‌سه‌ربدات. بۆ ئه‌وه‌ى تووشى ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ نه‌بین كاتێك گوشاره‌كان دێته‌ سه‌ر له‌ چركه‌ساته‌ چاره‌نووسییه‌كاندا، ئه‌م رێكارانه‌ى خواره‌وه‌ سوودبه‌خشن:

1- مه‌شق كردن گرنگه‌. پێویسته‌ خۆت رابهێنیت له‌ژێر گوشار و بارودۆخى سه‌ختدا ئه‌ركه‌كه‌ت جێبه‌جێ بكه‌یت. راهاتن له‌سه‌ر ئه‌و گوشارانه‌، كارایى مرۆڤ زیاتر ده‌كات.
2- پێش ئه‌وه‌ى بچیته‌ چركه‌ ساته‌كه‌وه‌، هه‌ناسه‌ى قووڵ هه‌ڵمژه‌ یاخود له‌به‌رخۆته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك وشه‌ بڵێره‌وه‌ یان چه‌ند جووڵه‌یه‌كى وه‌رزشیى ئیقاعدار ئه‌نجام بده‌.
3- فۆكه‌سكردنه‌ سه‌ر ئامانجه‌ كۆتاییه‌كه‌، گرنگتره‌ له‌وه‌ى فۆكه‌س له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كه‌ بكه‌یت. كه‌واته‌ مه‌شقكردن و فۆكه‌س كردن له‌ژێر گوشاردا زیاتر نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئامانجه‌ كۆتاییه‌كه‌.

ب: ن.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure