كوڕێك لەبەر هۆکارێکی سەیر جلەکانی دایکی لەبەر دەکات

هەمەڕەنگ :: 14/12/2019‌ :: 484‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

له‌ رووداوێكى نامۆدا گه‌نجێكى برازیلی بریاریدا خۆی بكات به‌دایكى و جلەكانى دایكه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ى له‌به‌ر بكات كه‌ته‌مه‌نى 60 ساڵه‌  بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تى بدات مۆڵه‌تى شۆفێری ده‌ربكات و له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى شۆفێری ده‌ربچێت  دوای ئه‌وه‌ى بۆ چه‌ندین جار نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ تێپه‌ڕێنێت.


كوڕه‌كه‌ ئه‌م رێگایه‌ى به‌باشترین چاره‌سه‌ر زانیوه‌ به‌ڵام ئەویش نه‌یتوانی پلانه‌كه‌ى به‌سه‌ركه‌وتویی جێبه‌جێ بكات و ئاشكرابوو.

رۆژنامه‌ى ده‌یلی مه‌یلی بریتانى بڵاویكرده‌وه‌ ماریا شیاف دایكى ئه‌و گه‌نجه‌ دانیشتووی شاری فالیوى به‌رازیله‌ و سێ جار له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى شۆفێری شكستى هێناوه‌  بۆیه‌ كوڕه‌كه‌ى كه‌ ناوى هیتۆره‌ بڕیاری داوه‌ یارمه‌تى بدات .

كوڕه‌كه‌ كه‌ كاری میكانیكى بووه‌ خۆی كردووه‌ به‌ دایكى و له‌بری ئه‌و چۆته‌ تاقیكردنه‌كه‌وه‌ و جلی دایكى له‌به‌ر كردووه‌ و میكیاژى كردووه‌ به‌ڵام پلانه‌كه‌ى به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌ كه‌ دایڕشتبوو.

له‌ رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه‌ كوڕه‌كه‌ ویستوویه‌تى به‌رپرسه‌كانى تاقیكردنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت  و دوای وه‌رگرتنى پێناسه‌كه‌ى به‌هۆی ده‌نگیه‌وه‌ گومانیان لێكردووه‌.

ئه‌لین میندونسا كه‌ به‌رپرسێكى ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌كه‌یه‌ به‌ پۆلیسی وتووه‌ یه‌كه‌م جار هه‌ستى پێنه‌كردووه‌ به‌ڵام دواتر كه‌سه‌یری ره‌فتارى كوڕه‌كه‌ى كردووه‌ گومانی لا دروست بووه‌  كه‌ هه‌وڵی ده‌دات وه‌ك ژن هه‌ڵسوكه‌وت بكات.

بۆیه‌ داوای پێناسه‌كه‌ى لێكردووه‌ و زانیویه‌تى كه‌ ئه‌مه‌ پیاوه‌ و خۆی كردووه‌ به‌ژن و په‌یوه‌ندى به‌ پۆلیسه‌وه‌ كردووه‌.

له‌ ئێستادا ئه‌و كوڕه‌ تۆمه‌تى هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى حكومه‌تى دراوه‌ته‌ پاڵ به‌ڵام تاكاتى دادگایكردنه‌كه‌ى به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كراوه‌.

ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتى ئه‌و كوڕه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان سه‌ره‌نجى به‌كارهێنه‌رانى به‌لای خۆیدا راكێشاوه‌ وهه‌ندێكیان ده‌ڵێن كارێكى باشی كردووه‌ و ئه‌و كاره‌ى له‌به‌ر خۆشه‌ویستى دایكى كردووه‌ به‌ڵام هه‌ندێكیان ره‌خنه‌ی لێده‌گرن و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر دایكى له‌ سێ تاقیكردنه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت كه‌واته‌ شوفێری كردنى له‌سه‌ر جاده‌ و شه‌قامه‌كان مه‌ترسی دروست ده‌كات.


ئامادەکردن: س.ن  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure