خەمۆكی تووشی نەخۆشی تریشت دەكات

تەندروستی :: 14/12/2019‌ :: 518‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ

خەمۆكی یەكێكە لەو نەخۆشییە دەروونیانەی كە زۆر كەس تووشی دەبن، پەیوەندیەكی ئاڵۆزیشی هەیە لەگەڵ هەندێك نەخۆشی تردا، بەتایبەت نەخۆشییە درێژخایەنەكان.

هەندێك جار خەمۆكی دەبێتە هۆكار یان نیشانەیەكی زووی نەخۆشییەكی تر، بۆیە پێویستە لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی خەمۆكیدا سەردانی پزیشك بكرێت. چونكە چارەسەرنەكردنی ئەم نەخۆشییە مەسەلەكە خراپتر دەكات و رەنگە تووشی یەكێك لەم نەخۆشییانەی خوارەوەشت بكات:

1- شێرپەنجە
رەنگە هەستكردن بە تووڕەیی و نیگەرانی و دڵتەنگیی مەسەلەیەكی ئاسایی بن، بەڵام خەمۆكی لەگەڵ هەندێك نەخۆشی دیكەدا زۆرجار پێكەوەن، بەتایبەت نەخۆشییە شێرپەنجەییەكانی گەدە و پەنكریاس. هەندێك جار پێش دەركەوتنی شێرپەنجەكە نیشانەكانی خەمۆكی دەردەكەون. پێدەچێت خەمۆكی ببێتە هۆی گۆڕینی سیستمی بەرهەڵستی جەستە. لەلایەكی دیكەوە هەندێك چارەسەری شێرپەنجە دەبنە هۆی خەمۆكی. جگە لەمەش كەسانی تووشبوو بە خەمۆكی زیاتر لە خەڵكانی دیكە جگەرە دەكێشن و خواردنەوە كحولییەكان دەخۆنەوە و قەڵەو دەبن كە ئەمانە هەموویان ئەگەری شێرپەنجە زیاد دەكەن.
2- ئازاری درێژخایەن
نزیكەی 50%ی ئەو كەسانەی پشت ئێشە و ئازاری جومگەیان هەیە خەمۆكیشن. رەنگە هەوكردن ببێتە هۆی گۆڕینی مەزاجی مرۆڤ یاخود ئازاری درێژخایەنی بەردەوام ببێتە هۆی خەمۆكی. خودی ئازار خۆی رەنگە یەكێك بێت لە نیشانەكانی خەمۆكی. بەتایبەت كاتێك كە كەسەكە رێگەیەكی تری دەبێت بۆ دەربڕینی ئەو هەستە دەروونییەی.
3- كێشەكانی رژێنی دەرەقی
رژێنی دەرەقی بەرپرسیارە لە رێكخستنی مێتابۆلیزمی خۆراك لە جەستەدا بەڵام تەمەڵی ئەو رژێنە یاخود چالاكبوونی زۆری رەنگە ببنە هۆی خەمۆكی. دیارە خەمۆكی لەو حاڵەتانەدا زیاترە كە نەخۆشەكە رژێنی دەرەقی تەمەڵ بێت. هەندێك جار پێش دەركەوتنی هیچ نیشانەیەكی رژێنی دەرەقی نیشانەكانی خەمۆكی دەردەكەون.
4- نەخۆشییەكانی دڵ
بەربڵاوترین نیشانە لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەكانی دڵ تێكچوونی مەزاج و سەرهەڵدانی خەمۆكییە. لەلایەكی ترەوە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ لەو كەسانەدا زۆرترە كە تووشی خەمۆكی بوون.
5- شەكرە
خەمۆكی پەیوەستە بە نەخۆشی شەكرەوە چونكە خواردنی نەخۆشەكە تێك دەچێت و ناجووڵێت و ئەمانە هەموویان نەخۆشی شەكرە خراپتر دەكەن و سەرئەنجامیش خەمۆكییەكە زیاتر دەبێت. لەلایەكی دیكەوە شەكرە و خەمۆكی رەوتی هاوبەشیان هەیە لە بواری هۆكارە بۆماوەییەكان و سیستمی بەرهەڵستیدا.

پ: پەری

ب: ر.ف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure