مامه‌ڵه‌ى چین له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كان نیگه‌رانى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌

ژینگە :: 07/12/2019‌ :: 230‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ


دوای كوشتنى به‌ هه‌زاران پشیله‌ له‌  چین هه‌رایه‌كى گه‌وره‌ دروستبووه‌، چالاكوانان ده‌ڵێن: كوشتارگه‌یه‌كى نوێ له‌ چین  بۆ ئاژه‌ڵه‌كان  دروستكراوه‌ به‌بیانوى ئه‌وه‌ى سوود له‌ فه‌رووه‌كه‌یان وه‌ربگیرێت و  له‌ به‌رهه‌مه‌ جیاجیاكاندا به‌كاربهێنرێت.

رۆژنامه‌ى نیو ستریس تایمزى مالیزى كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى ده‌رده‌چێت بڵاویكرده‌وه‌، به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پارچه‌ ڤیدیۆیی ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنى پشیله‌كانیان له‌ چین بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌ كوشتارگه‌یه‌كدا بۆ ئه‌وه‌ى سوود له‌ گۆشت فه‌روه‌كه‌ى وه‌ربگرن.

كۆمه‌ڵه‌ى ئه‌نتر فور سوسێتى  بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی ئاژه‌ڵه‌كان ده‌ڵێن:  له‌ چین پشیله‌كان كۆكراونه‌ته‌وه‌، دواتر فرۆشراون به‌ سه‌ربڕخانه‌كان و  به‌رێگه‌یه‌كى نامرۆڤانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌كرێت و ده‌كوژرێن.

دوای هێنانى پشیله‌كان  به‌ زیندوویه‌تى ده‌خرێنه‌ ناو ئاوى گه‌رمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فه‌رووه‌كه‌یان وه‌ك خۆی ده‌ستبكه‌وێت كه‌ دواتر له‌ دروستكردنى پێڵاو و ده‌ستكێش و جلوبه‌رگ و به‌رهه‌مى تریش به‌كارده‌هێنرێت.

ئه‌و وێنه‌ و ڤیدیۆیانه‌ى كه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ مه‌ترسیدار و قێزه‌ونن و چالاكوانان داوا ده‌كه‌ن له‌ بری كوشتنى پشیله‌كان بخه‌سێنرێن بۆ ئه‌وه‌ى زیاد نه‌كه‌ن نه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

چین پله‌ى یه‌كه‌مى گرتووه‌ له‌ روی خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا،  به‌تایبه‌ت له‌ ئاهه‌نگى ساڵانه‌ى گۆشتى سه‌گ له‌ شاری یولینى  باشور  كه‌ دانیشتوانى ئه‌و شاره‌ پێی ده‌ڵێن میهره‌جانى (لینشی) و گۆشتى سه‌گ ساڵانه‌ش چالاكوانان و ئه‌و رێكخراوانه‌ى داكۆكى له‌ مافی ئاژه‌ڵان ده‌كه‌ن فشار له‌سه‌ر لایه‌ن به‌رپرسه‌كان دروستده‌كه‌ن بۆ راگرتنى ئه‌و جۆره‌ میهره‌جانانه‌.    

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure