دەربارەی خۆکوشتن

هەمەڕەنگ :: 04/12/2019‌ :: 574‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

كەس ناتوانێت نكوڵی لەو راستییە بكات كە رووداوەكانی خۆكوشتن بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا روو لە هەڵكشانن بەجۆرێك كە خەریكە دەبێتە دیاردە.

 

هەندێك جار ئەو خۆكوشتنە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە هەندێك جاریش كۆتایی هێنانێكی تراجیدییە بە ژیانێكی بێ واتا، هەندێك جاری دیكەش هەڵهاتنە لە بەرامبەر ئازار و ناڕەحەتییەكانی واقیعی ئەمڕۆ. لە هەندێك حاڵەتدا كەسەكە پێش ئەوەی خۆی بكوژێت نیازی خۆی تۆمار دەكات بو نووسین یان بە نامەی دەنگی كەچی كەمجار كۆمەڵگا ئەم مەسەلەیە بە هەند وەردەگرێت. ئامارەكان دەریدەخەن لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا ژمارەی حاڵەتەكانی خۆكوشنت كەم تا زۆرێك وەكو هێڵێكی ستوونی لە بەرزبوونەوەدایە.بە تایبەت لەناو گەنجان و بێكاراندا.
دەروونی مرۆڤ هێندە ئاڵۆزە كە ناتوانێت تیۆرییەكی گشتگیر و یەكگرتوو بۆ لێكدانەوەی خۆكوشتن دابڕێژێت. بەڵام زۆربەی توێژینەوە و راپرسییەكان بۆیان دەركەوتووە كە بەربڵاوترین هۆكاری خۆكوشتن هەستكردن بە ئازاری دەروونییە.

هەستكردن بە ئازاری دەروونی مەسەلەیەكە هەموومان لە چەند چركەساتێكی ژیانماندا رووبەڕووی دەبینەوە بەهۆی نەخۆشی یان پەیوەندییەكی شكستخواردوو یان رەتكرنەوەیەكی كۆمەڵایەتی كەچی تەنیا رێژەیەكمان خۆمان دەكوژین و زۆرینەی مرۆڤەكان ناگانە ئەو چارەنووسە. ئەمە لەبەر چی؟ پسپۆڕەكانی دەروونناسی دەڵێن هۆكارەكانی خۆكوشتن ئاوێتە و فرە رەهەند و ئاڵۆزن. لە سروشتیاندا كۆمەڵە خۆكارێكن كە توانای كەڵەكەبوونیان هەیە. خەمۆكیی تیژ و دڵەڕاوكێ و مادە هۆشبەرەكان و بێ هیوایی زۆر ئەو دۆخە دەروونییانەن كە دەبنە هۆی خۆكوشتن. هیچ كام لەو هۆكارانە بە تەنیا وا لە مرۆڤ ناكان بڕیاری خۆكوشتن بدات بەڵام كۆبوونەوەی چەند هۆكارێك لە یەك كاتدا و لەگەڵیدا هەستكردن بە ئازارێكی دەروونی زۆر قورس زۆرجار دەبنە هۆی جێبەجێكردنی بڕیاری خۆكوشتن. 

لە راستیدا زۆربەی ئەوانەی بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە بە كردەوە جێبەجێی ناكەن بەڵام تەنیا هەر بیركردنەوە لێی نیشانەیەكی ترسناكە. دەروونناسەكان دەڵێن مرۆڤ كاتێك ئاماژەی بە خۆكوشتندا لە قوڵای ناخی خۆیدا حەز بە خۆكوشتن ناكات بۆیە ئەو ئاماژەیە دەردەبڕێت بۆ ئەوەی فریای بكەون و هاوكاری بكەن. بۆیە زۆر پێویستە دەوروبەر وریای ئەم جۆرە هاوار و هەڕەشە و ئاماژانەبن چونكە دەتوانرێت رێگری لێ بكرێت. ئازاری دەروونی كە هۆكارێكی بنەڕەتی خۆكوشتنە تەنیا هەر لە ئەنجامی ئازارە جەستەییەكانەوە دروست نابێت بەڵكو ئازارە كۆمەڵایەتییەكانیش دروستی دەكەن بۆ نموونە كاتێك كە مرۆڤ هەست دەكات هیچ رێزێكی لێ ناگیرێت یان بایەخی خۆی لەلا نامێنێت یان بوونی بەلاوە گرنگ نابێت. دەروونناسەكان بە ئەزموون بۆیان دەركەوتووە ئاین رۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ رێگری لە خۆكوشتن چونكە یەكێك لە كاریگەرییەكانی دین ئەوەیە مرۆڤ فێری پشودرێژی و سەبر دەكات بەرامبەر بە سەختییەكانی ژیان.

كۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریكی بە پێویستی دەزانێت كۆمەڵگا ئاگادار بكرێنەوە و هۆشیار بكرێت بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ بیرۆكە خۆكوژییەكاندا پاراستنی كۆڵەكە سەرەكییەكانی خێزان و پشتیوانیكردنی تاك دوو رەهەنگی گەورەی مامەڵەكردنی زانستین لەگەڵ خۆكوشتندا.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure