بۆچی چاوم دەئاوسێ و ماندووە؟ دکتۆر دواڕۆژ وەڵام دەداتەوە

تەندروستی :: 04/12/2019‌ :: 1311‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

کەسێک پرسیار لەسەر ئاوسانی چاو و ماندوێتی چاو ئاڕاستەی بەشی دکتۆر دواڕۆژ دەکات و لەلایەن پزیشکەوە وەڵام دەدرێتەوە.

پرسیار: بۆچی هەمیشە ژێر چاوم دەئاوسێ و هەست دەكەم چاوم ماندووە؟
دكتۆر دواڕۆژ:ماندووبوونی چاو و دروستبوونی پەڵەی رەش لەژێر چاودا بەشێكن لە كێشە تەندروستییە بەربڵاوەكان كە زۆرجار لە ئەنجامی كەمخەویی و گوشاری دەروونییەوە دروست دەبێت، بەڵام تەنیا هەر كەمخەویی هۆكاری ئاوسان و ماندوبوونی چاو نییە. 
چەند كێشەیەكی دیكەی تەندروستی ئەو حاڵەتە دروست دەكەن لەوانە هەستیاریی چاو. ئەو كەسانەی هەستیارییان هەیە بەرامبەر بە هەڵاڵەی گوڵ و درەخت یان تۆز و خۆڵ و مووی ئاژەڵە ماڵییەكان هەمان كێشەیان بۆ دروست دەبێت چونكە بەهۆی هەستیارییەوە بۆرییەكانی خوێنی پێڵوی چاو دەكشێن و هەو دەكەن. 
هۆكارێكی دیكە وشك بوونەوەی جەستەیە. كەمیی ئاو لە جەستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی چاو ماندوو دەربكەوێت و بئاوسێت. بۆیە خواردنەوەی ئاوی زۆر رێكارێكی چاكە بۆ رێگرتن و چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.هۆیەكی دیكە خواردنی خۆراكی سوێرە. چونكە خوێ‌ی زۆر دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو بەتایبەت لە دەوروبەری چاودا. هەروەها قاوە و چای زۆر و ئەو خواردنەوانەی كە كافایینیان زۆر تێدایە بەهەمان میكانیزمی وشكبوونەوەی جەستە دەبنە هۆی ماندووبوون و ئاوسانی چاو. 
هۆیەكی دیكەی پەڵەی رەش و ئاوسانی چاو بریتییە لە ماندوكردنی چاو بەتایبەت ئەگەر گوشار لە خۆت بكەیت شتە دوورەكان ببینیت یان ماوەیەكی زۆر سەرنج لە شتێك بدەیت. زۆر گرنگە پاش 20 خوولەك لە تەماشاكردنی كۆمپیوتەر و شاشەی ئامێرە زیرەكەكان ماوەیەك ئیسراحەت بە خۆت و چاوت بدەیت.

کلیک لێرە بکە بۆ ئەوەی پرسیارەکەت ئاڕاستەی بەشی دکتۆر دواڕۆژ بکەیت

پ: ر.ف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure