تێكه‌ڵكردنى ده‌رمان، ئایا پەیوەندی هەیە لە نێوان دەرمان ئەو خۆراکانەی لەگەڵیدا دەیخۆین؟

تەندروستی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 472‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: ئامۆژگاری

دواڕۆژ

خواردنى ده‌رمان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خۆراك و خواردنه‌وه‌دا یان خواردنى چه‌ند ده‌رمانێك پێكه‌وه‌ ده‌مێكه‌ بوونه‌ته‌ باس و خواسى سه‌نته‌ره‌ پزیشكییه‌كان و هه‌ندێك جاریش په‌یڕه‌ونه‌كردنى ئامۆژگارییه‌كان زیانى گه‌وره‌ى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.


بۆ نموونه‌ خواردنى حه‌بى پاراسیتۆڵ له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كاندا. یان خواردنى ده‌رمانێكى روونكه‌ره‌وه‌ى خوێن له‌گه‌ڵ خواردنى حه‌بێكى ئه‌سپریندا بۆ سه‌رئێشه‌، یان خواردنى ده‌رمانى كۆلیسترۆڵ له‌گه‌ڵ شه‌ربه‌تى میوه‌دا. ئه‌مانه‌ له‌ڕووى تیۆرییه‌وه‌ بۆیان هه‌یه‌ ببنه‌ هۆى له‌كاركه‌وتنى گورچیله‌ و جگه‌ر و خوێنبه‌ربوونى ناوه‌وه‌ى جه‌سته‌.
 
كارلێكى ده‌رمانه‌كان كاتێك رووده‌دات كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى ده‌رمانێك له‌گه‌ڵ ده‌رمانێكى تردا یان له‌گه‌ڵ مادده‌یه‌كى تردا كاریگه‌رى جیاواز دروست بكه‌ن جیاوازتر له‌وه‌ى كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ به‌ته‌نیا دروستى ده‌كه‌ن. خواردن ده‌رمانه‌ یاساییه‌كان، ده‌رمانه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان، گژوگیا جۆراوجۆره‌كان هه‌موویان ده‌توانن ئه‌و كارلێكانه‌ دروست بكه‌ن. به‌شێكى زۆرى كارلێكه‌كان دوو جۆرن. جۆرێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ راسته‌وخۆ كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كترى. جۆرى دووهه‌مى، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پێكهاته‌كان كارده‌كاته‌ سه‌ر چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنى جه‌سته‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كه‌ى تردا.

بۆ نموونه‌ ده‌رمانه‌ روونكه‌ره‌وه‌كانى خوێن و ئه‌سپرین كاریگه‌رییه‌كانیان له‌یه‌ك ده‌چن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بدرێن به‌ نه‌خۆش ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر گیانى نه‌خۆشه‌كه‌. هه‌ردووكیان رێگرى ده‌كه‌ن له‌ مه‌یینى خوێن. ئه‌و دوو جۆر ده‌رمانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان به‌ته‌نیا به‌كاربهێنرێت به‌شێوه‌یه‌كى گشتى سه‌لامه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بن وا ده‌كه‌ن هێنده‌ رێگرى له‌ مه‌ینى خوێن دروست ببێت كه‌ مرۆڤه‌كه‌ تووشى خوێنبه‌ربوونى ناوه‌وه‌ ببێت.

هه‌ندێك جار مرۆڤ دوو جۆر پێكهاته‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ هه‌ردووكیان مه‌ترسیدارن، بۆ نموونه‌ كۆكایین و هیرۆیین و كاتێك تێكه‌ڵ ده‌كرێن ره‌نگه‌ ببنه‌ هۆى مردنى كه‌سه‌كه‌. چونكه‌ یه‌كێكیان واده‌كات جه‌سته‌ پێویستى زیاترى به‌ ئۆكسجین بێت به‌ڵام ئه‌ویدیكه‌یان واته‌ هیرۆیین ریتمى هه‌ناسه‌دان هێواشتر و كورتتر ده‌كات.

كارلێكى نێوان شه‌ربه‌تى سندى و ده‌رمانى دابه‌زاندنى كۆلیسترۆڵ به‌تایبه‌ت گروپى ستاتین نموونه‌یه‌كى دیكه‌ى ئه‌و پێكه‌وه‌ییه‌ زیانبه‌خشه‌یه‌. سندى به‌و ئه‌نزیمانه‌ى جگه‌ره‌وه‌ ده‌لكێت كه‌ پێویستن بۆ تێكشكاندنى ده‌رمانه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ى واى لێدێت كه‌ رێژه‌یه‌كى زۆرترى ده‌رمانه‌كه‌ له‌ خوێندا ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى درێژتر و ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر گورچیله‌.

كحولى ناو خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كانیش كاركردنى ئه‌و ئه‌نزیمانه‌ تێك ده‌دات كه‌ مادده‌ى پاراسیتۆڵ تێكده‌شكێنن. مرۆڤ له‌ حاڵه‌تى ئاساییدا كه‌ پاراسیتۆڵ ده‌خوات به‌شێكى ئه‌و پاراسیتۆڵه‌ له‌ناو جه‌سته‌دا ده‌گۆڕێت بۆ مادده‌یه‌كى ژه‌هراویى. بڕى ئه‌م مادده‌یه‌ له‌ حاڵه‌تى ئاساییدا و به‌و ژه‌مه‌ى كه‌ پزیشك نووسیویه‌تى مایه‌ى مه‌ترسى نییه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێژه‌یه‌كى زۆرى كحول له‌ خوێندا بێت به‌هۆى خواردنه‌وه‌ى زۆرى خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وا رێژه‌ى ئه‌و مادده‌ ژه‌هراوییه‌ له‌ جه‌سته‌دا به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى له‌كاركه‌وتنى جگه‌ر.

خۆشبه‌ختانه‌ كارلێكه‌ ترسناكه‌كانى نێوان ده‌رمانه‌ باوه‌كان ئاشكراو زانراون بۆ زوربه‌مان و به‌رده‌وامیش لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنینه‌ تاقیگه‌ییه‌كان سه‌رقاڵى دۆزینه‌وه‌ و ئاشكراكردنى زانیاریى زیاترن له‌و رووه‌وه‌.

بڵاوکردنەوە: س.ن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure