سڵاو و ته‌وقه‌ى وڵاتان بزانە

هەمەڕەنگ :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 412‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

چه‌ند رێسایەكى بنه‌ڕه‌تى هه‌ن بۆ ئه‌ته‌كێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تى ته‌وقه‌كردن و سڵاوكردن، ئه‌و رێسایانه‌ له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكى تر ده‌گۆڕێن به‌پێی رۆشنبیری و داب و نه‌ریتى ئه‌و وڵاتانه‌، لەم بابەتەدا چه‌ند رێسایەكى ته‌وقه‌كردن و سڵاوتان بۆ باس ده‌كه‌ین.


له‌ بریتانیا
ته‌وقه‌كرن سڵاوی فه‌رمییه‌  و ته‌وقه‌ له‌ بۆنه‌ نافه‌رمیه‌كان به‌كار نایه‌ت و گه‌نجان كه‌متر  له‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان به‌كاری ده‌هێنن.

دانیمارك
گه‌لی دانیماركى به‌ به‌هێزی و خێرای ته‌وقه‌كردن ناسراون، كاتێكیش دوو كه‌س ده‌بینیت  كه‌ یه‌كێكیان ژن بێت ده‌بێت له‌ده‌سپێكدا ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ بكه‌یت.

فره‌نسا
ته‌وقه‌كردن به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ ده‌ست به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ودواتر ژێره‌وه‌ دەبەیت به‌په‌له‌ و یه‌ك له‌دوای یه‌ك.

ئێرله‌ندا 
ئیرله‌ندییه‌كان زۆر به‌هێزه‌وه‌ ته‌وقه‌ ده‌كه‌ن.

هوڵندا 
ژن و پیاو و منداڵان ته‌وقه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ چاو راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى هه‌بێت.

ئه‌ڵمانیا 
پیاوانى ئه‌ڵمانى به‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ به‌هێزه‌وه‌ ته‌وقه‌ ده‌كه‌ن و له‌ناو ژنان و منداڵان ته‌وقه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌و هێزه‌ى پیاوان نییه‌.

یۆنان 
ته‌وقه‌ له‌ناو یۆنانییه‌كان به‌ واتاى گه‌رم و گوڕی و خۆشه‌ویستى دێت له‌كاتى بینیندا.
 
نه‌رویج
ته‌وقه‌ به‌هێز و خێرایه‌.

پۆلەندا 
له‌كاتى بینین و ماڵئاوای ته‌وقه‌ ده‌كرێت.

ئیتاڵیا 
گه‌لی ئیتاڵیا له‌ڕووی به‌خێرهاتن و سڵاوه‌وه‌ له‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا به‌وه‌ ناسراون كه‌ گه‌رموگوڕترین گه‌لن و ناسیاوه‌كان ئه‌ملاولای یه‌كتری ماچ ده‌كه‌ن، به‌ڵام پیاوه‌كان باوه‌ش به‌یه‌كتریدا ده‌كه‌ن و پیاسه‌ ده‌كه‌ن یان باسكى یه‌كتر ده‌گرن له‌كاتى ته‌وقه‌كردندا.

ئیسپانیا
ئیسپانییه‌كان هاوشێوه‌ى ئیتاڵیه‌كان له‌كاتى ته‌وقه‌كردندا گه‌رموگوڕن و ده‌ست له‌سه‌ر شان یان پشتت داده‌نێن.

روسیا 
روسه‌كان له‌ رێگه‌ى نیگایه‌كه‌وه‌ سڵاو له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن و به‌گه‌رمى و هێزه‌وه‌ ته‌وقه‌ده‌كه‌ن.

سویسرا 
ئه‌و سویسریانه‌ى به‌ ئه‌ڵمانى قسه‌ ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ى به‌ر یه‌ك بكه‌ون سڵاو ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و سویسریانه‌ى  كاریگه‌ری فره‌نسی و ئیتاڵییه‌كانیان له‌سه‌ره‌ باوه‌ش به‌یه‌كتریدا ده‌كه‌ن و ئه‌ملاولای یه‌كتر ماچ ده‌كه‌ن.

سوید
هه‌روه‌ها سویدیه‌كانیش له‌كاتى سڵاو و ته‌وقه‌كردندا گه‌رموگوڕ و به‌هێزن.

له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانى عه‌ره‌بی
ته‌وقه‌ سڵاوى سه‌ره‌كییه‌ و پێش ته‌وقه‌كه‌ وشه‌ى (سه‌لام علیكم) ده‌وترێت و كاته‌كه‌ى درێژتره‌ له‌كاتى ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌گه‌ر زۆر یه‌كتر بناسن یان په‌یوه‌ندییەكى قوڵ له‌نێوانیاندا هه‌بێت ئه‌وا ئه‌نیشكى یه‌كتری ده‌گرن.

و ئه‌گه‌ر نه‌شیناسن ئه‌وا ته‌نها ته‌وقه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاوێك بیه‌وێت سڵاو له‌ ژنێك بكات كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ نه‌یناسێت ئه‌وه‌ ده‌ست به‌سنگیه‌و ده‌گرێت.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure