زانستی بەختەوەری

هەمەڕەنگ :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 628‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ
لە ماوەی دوو ملیۆن ساڵدا، مێشكی مرۆڤ سێ بەرامبەر زیادی كردووە لە رووی بارستاییەوە. پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سروشت هێندە پێداگریی كردووە كە ببینە خاوەنی ئەم مێشكە گەورەیە؟.

 
كە قەبارەی مێشك زیاد دەبێت تەنیا هەر ئەوە نییە و بەس، بەڵكو ناوچەی تازەیشی تێدا دروست دەبێت. یەكێك لە هۆكارەكانی گەورەبوونی مێشكی مرۆڤ ئەوەیە كە ئێمە پێویستمان بە بەشێكی تازە هەیە لە رووكاری ناوچاواندا و بە دیاریكراوی لە توێكڵی دەرەوەی مێشكدا. ئەم توێكڵە دەرەكییەی مێشك چی دەكات كە پێویست بێت مێشك لە پرۆسەی گەشەكردندا بەو شێوەیە قەبارەكەی زیاد بكات؟.
لەڕاستیدا توێكڵی مێشك زۆر چالاكیی ئەنجام دەدات، بەڵام یەكێك لە ئەركە هەرە گرنگەكانی بریتییە لە وێناكردنی رووداوەكان، واتا پێش ئەوەی بەكردەوە مرۆڤەكە كارێك ئەنجام بدات لە مێشكی خۆیدا ئەزموونەكە تاقیدەكاتەوە و دەیهێنێتە بەرچاوی خۆی. ئەمە توانایەكە هیچ زیندەوەرێكی دیكە نییەتی. بەڕاستی گەشەكردنێكی سەرنجراكێشە! و هێندەی پەنجە گەورەی دەست و راوەستان بەپێوە و توانای قسەكردن بۆ مرۆڤ گرنگ بووە.
با ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین: كامیان باشترە، یەك ملیۆن دۆلار خەڵات ببەیتەوە یاخود توانای رۆشتن لەدەستبدەیت؟
بێگومان پێویست بە بیركردنەوە ناكات چونكە وەڵامەكەی ئاسانە و بردنەوەی خەڵاتەكە هەڵدەبژێریت. بەڵام راستییەكە شتێكی دیكەیە چونكە ساڵێك دوای ئەوە، ئەوەی كە یانسیبەكەی بۆ دەرچووە و ئەوەیشی كە توانای رۆشتنی لەدەستداوە هەردووكیان لە یەك ئاستی بەختەوەریدا دەبن.
توێژینەوە مەیدانییەكان دەریانخستووە سەركەوتن لە هەڵبژاردندا یان دۆڕاندنی، بەدەستهێنانی هاوڕێیەكی رۆمانسی یاخود بەدەستنەهێنانی، تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ یان تەواونەكردنی، هەموویان كاریگەریی لە رووی بیروباوەڕ و ئاستەوە زۆر كەمترە لەوەی چاوەڕێی دەكەین. تەنانەت قەیرانە گەورەكانیش كە سێ مانگ لەمەوبەر روویانداوە، لە بارودۆخی دەگمەندا نەبێت، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەختەوەریی مرۆڤ نابێت. بۆچی؟ چونكە دڵخۆشیی و كامەرانی مەسەلەیەكە مرۆڤ دەتوانێت خۆی دروستی بكات.
ساڵی 1942 نووسەرێكی گەورە وتوویەتی "من كامەراترین مرۆڤم لە ژیاندا چونكە دەتوانم هەژاریی بگۆڕم بۆ دەوڵەمەندی و كوێرەوەریی بكەم بە خۆشگوزەرانی". بەدڵنیاییەوە ئەم نووسەرە ئامێرێكی زۆر گرنگی هەبووە لە مێشكیدا، ئەو ئامێرە ئێمەیش هەمانە. هەموومان وەكو مرۆڤ ئەو سیستمەمان هەیە كە سیستمی بەرهەڵستی دەروونییە و دەتوانێت لەسەر ئاستی هەست و نەستدا تێڕوانینمان بۆ ژیان بگۆڕێت بە جۆرێك كە هەستێكی باشترمان بەرامبەر جیهان بۆ دروست ببێت.
كێشەكە لەوەدایە زۆربەمان وەك ئەو نووسەرە نین و بێئاگاین لەوەی كە خاوەنی ئەو ئامێرەین!. نموونە زۆرن كە دەیسەلمێنن بەختەوەری و هەستكردن بە خۆشیی و كامەرانی شتگەلێك نین بیاندۆزینەوە، بەڵكو خۆمان دروستیان دەكەین. ئەم قسەیە كەم كەس باوەڕی پێدەكات، چونكە دروستكردنی بەختەوەریی بە رواڵەت شتێك نییە مرۆڤ قەناعەتی پێبكات. پرەنسیپەكانی بەختەوەریی راستەقینە چین؟ لە كورتترین پێناسەدا، بەختەوەریی راستەقینە"ئەو هەستەیە كە بەدەستیدەهێنین كاتێك ئامانج و داخوازییەكانمان دەستدەكەوێت". بەڵام بەختەوەریی دروستكراو "ئەو هەستەیە كە بەدەستیدەهێنین كاتێك ناگەینە ئاوات و داخوازییەكانمان".
لە زۆر كۆمەڵگەدا ئەو بیروبۆچوونە باڵادەستە: كە بەختەوەریی دروستكراو نزمترە لە بەختەوەریی راستەقینە.
توێژینەوەیەك كە نزیكەی 50 ساڵ لەمەوبەر بەسەر خەڵكێكی زۆردا ئەنجامدراوە، سەلماندوویەتی "رێژەیەكی زۆری مرۆڤەكان بەو شتانە بەختەوەرن كە پێشتر ئەزموونیان لەگەڵدا هەبووە و بە تێپەڕبوونی كات ئەو شتە لەلایان بەنرختر و خۆشەویست تر دەبێت" ئەو ئۆتۆمبیلەی من هەمە باشترە لەو ئۆتۆمبێلەی كە نیمە، خانووەكەی من لەو خانووەی كە هی من نییە باشترە.
سیستمی بەرهەڵستیی دەروونی، باشتر كاردەكات كاتێك مرۆڤ دەكەوێتە قەیرانەوە یان رووبەڕووی بارودۆخێكی ناخۆش دەبێتەوە. ژن قبووڵیەتی مێردەكەی دەست بكات بە لووتی خۆیدا، بەڵام حەز بە چارەی پیاوێكی غەریبە ناكات كە دایمە دەستی لە لووت-یدا بێت.
شاعیرە مەزنەكان دەڵێن "هەموو شتێك جوانە". ئەمە پوختەی پێناسەكردنی كامەرانییە. باش و خراپ لە ئارادا نییە. ئەوە بیركردنەوەی ئێمەیە وامان لێدەكات هەست بكەین كە فڵان شت باشە و ئەویتر خراپە.  دیارە ئەمە بە رەهایی راست نییە، یەكێك نەشتەرگەریی بۆ بكرێت وەك ئەو كەسە نییە كە بە گەشتێك بچێت بۆ پاریس.
ئادەم سمیس دەڵێت"سەرچاوەی هەموو بەدبەختی و كوێرەوەرییەكانی ژیانی مرۆڤ ئەوەیە كە زیادەڕەویی دەكات لە جیاكردنەوەی حاڵەتێكی لە حاڵەتێكی دیكەدا". بێگومان یەكێكیان لەوی دیكەیان باشترە، بەڵام نەك بەو رادەیەی كە وامان لێبكات یاساكانی بۆ پیشێل بكەین.
مرۆڤ ئەگەر ئاییندەیەك هەڵبژێرێت لەباتی ئاییندەیەكی دیكە، نابێت بەجۆرێك بێت كە هێز و خێرایی زۆر لە پێویستی بۆ بەكاربهێنێت، چونكە ئەو جۆشوخرۆشە وای لێدەكات پەناببات بۆ درۆ و فێڵ و دزی و ئازاردانی كەسانی دیكە، واتا پرەنسیپەكانی پێشێل بكات. گەورەترین بەختەوەریی لەوەدایە كە مرۆڤ پرەنسیپەكانی بپارێزێت، چونكە لەوكاتەدا ژیرتر و وریاتر و داهێنەرتر دەبێت، بەڵام ئەگەر تەماع و مەترسیی زۆرمان هەبێت ئەوا هەموو ئەو خەسڵەتانە لەدەستدەدەین.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure