پزیشكەكان هوشیاری دەدەن

هەمەڕەنگ :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 561‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

كەم كەس هەیە رۆژێك لە رۆژان بیری بۆ ئەوە نەچووبێت كە تووشی نەخۆشییەكی قورس بووە. ئەم دیاردەیە رۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە و بووەتە مایەی نیگەرانیی و دڵەڕاوكێیەكی زۆر. وامان لێهاتووە كە هەر ئازار و نیشانەیەك هەست پێبكەین گومانمان بۆ شێرپەنجە و نەخۆشییە كوشندە و سەختەكانی تر بچێت.

ئەمە زیاتر بەهۆی ئەوەوە روودەدات كە ئێستا ئینتەرنێت لەبەردەستدایە و هەموو كەس دەتوانێت لە گوگڵدا بەدوای هۆكاری نیشانەكاندا بگەڕێت. لەم رووەوە پزیشكان هۆشداری دەدەن كە ئەم گەڕان و شێوازی وەرگرتنی زانیارییە كارێكی خراپە كەسی ئاسایی ئەنجامی بدات. بۆ نموونە كاتێك تووشی سەرئێشە دەبیت و لە گوگڵدا بۆ هۆكاری ئەو ژانە سەرە دەگەڕێیت یەكێك لە ئەگەرەكان چەندین جۆر گرێی شێرپەنجەیی مێشكە. ئەمە هێندەی تر ئازار و نیگەرانیی و نائارامییەكەمان زیاد دەكات. ئینتەرنێت لەڕوویەكی تریشەوە سەرچاوەیەكی خراپی زانیاریی پزیشكییە، ئەویش ئامۆژگاریی كردنمانە بۆ بەكارهێنانی دەرمانێك كە ئەگەر زۆرە زیانمان پێ‌ بگەیەنێت. ئامارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەریانخستووە 40%ی هاووڵاتییانی ئەمریكیی بەهۆی گەڕانیانەوە بە گوگڵدا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە تووشی نەخۆشیی ترسناك بوون. كەچی لەڕاستیدا دواتر دەركەوتووە بەو شێوەیە نییە.

دیاردەكە وای لێهاتووە كە خەڵك هێندە پشتیان بە گوگڵ بەستووە كە بە پێویستی نازانن سەردانی پزیشك بكەن. هەر ئەم دیاردەیەش هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی دڵەڕاوكێ‌ و سترێسە لەناو هاووڵاتیاندا. خەوشی زانیارییەكانی ئینتەرنێت لەوەدایە كە گوگڵ هەمیشە ئەگەرە هەرە ترسناك و غەمناكەكان دەهێنێتە بەرچاوت. سادەترین كێشە بگریت پێت دەڵێت ئەگەری هەیە نیشانەی شێرپەنجەی ریخۆڵە بێت. مەبەستی گوگڵ ترساندنی من و تۆ نییە بەڵكو دەیەوێت نیشانە نائاساییەكانی جەستەی خۆت بەبێ‌ بایەخ تەماشا نەكەیت. بۆیە نە پێویستە 100% پشتی پێ‌ ببەستین نە 100%یش پشتگوێ‌ی بخەین. 
باشتر وایە پێش ئەوەی لە گوگڵدا بۆ وەڵامە پزیشكییەكانمان بگەڕێین سەردانی پزیشكێكی پسپۆڕی ئەو بوارە بكەین. بۆ ئەوەی ئەنجامی راستتر و دڵنیاكەرەوەترمان دەست بكەوێت.

پ: ر.ف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure