هاووڵاتییه‌ك پرسیار له‌ دكتۆر دواڕۆژ ده‌كات و ده‌ڵێت: قۆڵۆنی عه‌سه‌بی چییه‌؟

تەندروستی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 913‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

"كۆنیشانه‌ی نه‌خۆشیی قۆڵۆنی عه‌سه‌بی، ئێستا بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشییه‌ باوه‌كانی زۆر وڵاتی جیهان و ده‌وترێت نزیكه‌ی 15%ی خه‌ڵك ئه‌م كێشه‌ ته‌ندروستییه‌یان هه‌یه‌. نیشانه‌ گه‌وره‌كانی قۆڵۆنی عه‌سه‌بی بریتییه‌ له‌ ئازاری سك و گۆڕان له‌ پیساییكردن-دا، بۆ نموونه‌: كه‌سه‌كه‌ یان تووشی قه‌بزی ده‌بێت یان تووشی سكچوون یان ناڕێكوپێك ده‌بێت. نیشانه‌ی دیكه‌یش وه‌ك ئاوسانی سك له‌ قۆڵۆنی عه‌سه‌بی-دا زۆر باوه‌.

په‌یڕه‌وكردنی هه‌ندێك شێوازی نوێ له‌ ژیانی رۆژانه‌دا، زۆر له‌ ده‌رمان زیاتر سوودی هه‌یه‌ بۆ هه‌ندێك نه‌خۆشیی، بۆ نموونه‌: رامان، یۆگا، پیاسه‌ی دوورودرێژ، چوونه‌ ناو حه‌مامی گه‌رم و ساونا، چونكه‌ به‌شێكی زۆری هۆكاره‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ باری ئه‌قڵی و ده‌روونیمانه‌وه‌ كه‌ حه‌سانه‌وه‌ و ئارامی و زاڵبوون به‌سه‌ر خۆكاره‌كانی گرژی و دڵه‌ڕاوكێدا سوودی زۆر ده‌گه‌یه‌نن به‌ كه‌سه‌كه‌.

له‌وكاته‌ی كه‌ مرۆڤ نائارام و نیگه‌رانه‌، مێشك پێویستی به‌ وزه‌ی زۆرتر ده‌بێت و ئه‌و وزه‌یه‌ له‌ ریخۆڵه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌یش كار ده‌كاته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌رسكردن و له‌ ئه‌نجامدا نیشانه‌كانی قۆڵۆنی عه‌سه‌بی ده‌رده‌كه‌ون.

درێژه‌كێشانی نه‌خۆشیی قۆڵۆنی عه‌سه‌بی، راستەوخۆ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ژیانی ئه‌و كه‌سه‌ به‌رده‌وام له‌ژێر گوشاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت و ریخۆڵه‌كانی هه‌ستیارتر ده‌بن له‌ جاران، بۆ نموونه‌: ره‌نگه‌ ته‌نیا خواردنی كه‌مێك خۆراكی ئاسایی یان ئه‌گه‌ر پانتۆڵه‌كه‌ت كه‌مێك ته‌نگ بێت ده‌ستبه‌جێ نیشانه‌ بێزاركه‌ره‌كانی كۆڵۆنی عه‌سه‌بی ده‌رده‌كه‌ون.

تائێستا هۆكاری راسته‌وخۆی قۆڵۆنی عه‌سه‌بی، به‌دیاریكراوی، نه‌زانراوه‌ و نیشانه‌كانیش له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ جیاوازن. دیاره‌ ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پزیشكی و رێنماییه‌كانی پزیشكی پسپۆڕ زۆر گرنگن، به‌تایبه‌ت له‌وكاتانه‌دا كه‌ نیشانه‌كان توند و به‌هێز بن و ره‌نگه‌ هه‌ندێك جار پێویست بكات ده‌رمانی دژه‌خه‌مۆكی به‌كاربهێنیت.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure