خۆراكی دڵخوازی دیكتاتۆره‌كان

هەمەڕەنگ :: 13/10/2019‌ :: 837‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

1. هیتله‌ر كه‌ دیكتاتۆری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانیای نازی بوو به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ كه‌سێكی رووه‌كخۆر بووه‌ و گۆشتی نه‌خواردووه‌. به‌ زۆری شۆربا و هاڕدراوه‌ی په‌تاته‌ی خواردووه‌. هه‌ندێك كه‌س هۆكاری ئه‌م جۆره‌ خۆراكه‌ بۆ بیروباوه‌ڕی هیتله‌ر ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و هه‌ندێكی تریش پێیان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیتله‌ر به‌رده‌وام كێشه‌ی هه‌رسی هه‌بووه‌ خۆی له‌ خواردنی گۆشت به‌دوور گرتووه‌. ئه‌و خۆراكه‌ی بۆ هیتله‌ر ئاماده‌ ده‌كرا ده‌بوو 15 كه‌س پێش ئه‌و بیخۆن و ئه‌گه‌ر تا 45 خوله‌ك له‌ ژیاندا بمانایه‌ ئینجا هیتله‌ر ده‌یخوارد.

2. جۆزێف ستالینی دیكتاتۆری سۆڤێت حه‌زی له‌ خواردنی جۆرجیایی بوو. پیاز و سیر و هه‌ڵوژه‌ و هه‌نار و شه‌راب كه‌ له‌ خۆراكی جۆرجیاییدا هه‌ن به‌لای ستالینه‌وه‌ په‌سه‌ند بوون. یه‌كێك له‌ چێشتلێنه‌ره‌ تایبه‌ته‌كانی ستالین ناوی سپیریدۆن پوتین بووه‌ و باپیری ڤلادیمیر پوتینی سه‌رۆكی ئێستای رووسیایه‌.

3. مۆسۆلینیی كه‌ دیكتاتۆری فاشیستی ئیتاڵیا بوو حه‌زی زۆری له‌ زه‌ڵاته‌ی سیر و لیمۆی تازه‌ بوو. هه‌روه‌ها پێی وابوو خۆراكی فڕه‌نسی خۆراكێكی بێمانایه‌. مۆسۆلینی حه‌زی ده‌كرد له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و پێنج مناڵه‌كه‌یدا نان بخوات. له‌ كاتێكی دیاریكراودا هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان ده‌بوو له‌سه‌ر مێزی نانخواردن ئاماده‌ بن و چاوه‌ڕێی مۆسۆلینی بكه‌ن.

4. عیدی ئه‌مین دادا كه‌ دیكتاتۆری سه‌ربازی و سێیه‌مین سه‌رۆكی ئۆگه‌ندا بوو رۆژانه‌ 40 پرته‌قاڵی ده‌خوارد و پێی وابوو پرته‌قاڵ ڤیاگرای سروشتییه‌. كاتێكیش به‌ دوورخراوه‌یی چووه‌ سعودیه‌ بوو به‌ كڕیارێكی هه‌میشه‌یی خواردنگه‌كانی KFC. عیدی ئه‌مین حه‌زی زۆری له‌ بریانیی بزن و كاكاو نانی هه‌رزن بوو. ماوه‌یه‌كیش شوێنكه‌وتووی خواردن و خواردنه‌وه‌ی بریتانی بوو به‌تایبه‌تی چای پاش نیوه‌ڕوان. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ عیدی ئه‌مین گۆشتی مرۆڤی خواردبێت.

5. كیم ئیل سونگ كه‌ دیكتاتۆری ئه‌فسانه‌یی كۆریای باكوور بووه‌ حه‌زی زۆری له‌ شۆربای باڵی قرش و شۆربای سه‌گ بووه‌. ئه‌و پێی وابووه‌ كه‌ ئه‌و خۆراكانه‌ ده‌یپارێزن و هێزی پێ ده‌به‌خشن. ئه‌و دیكتاتۆره‌ كه‌ له‌ ساڵی 1994 تا 2011 رابه‌ری كۆریای باكوور بووه‌ چه‌ند ژنێكی دامه‌زراندبوو درێژیی ده‌نكه‌ برنجه‌كان بپێون و كێشه‌كه‌ی دیاری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و برنجه‌ی ده‌یخوات دانه‌كانی هه‌مووی وه‌كو یه‌ك بێت.

6. چاوشیسكۆی دیكتاتۆری رۆمانیا حه‌زێكی زۆری له‌ له‌زانیای سه‌وزه‌ و ته‌ماته‌ و پیاز و زه‌ڵاته‌ و ستیك بوو. ئه‌گه‌ر خۆراكێكی به‌ دڵ نه‌بووایه‌ ناوبراو ته‌نانه‌ت له‌ بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانیشدا قاپه‌ خۆراكه‌كه‌ی فڕێ ده‌دا و به‌ پێیه‌كانی ده‌چووه‌ سه‌ری.

ب: ن.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure