هه‌ڵه‌بجه‌؛ به‌ رواندنى نه‌مام پێشوازى له‌ ساڵى نوێى خوێندن كرا

ژینگە :: 21/09/2019‌ :: 109‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌ سه‌عید
جیاواز له‌ زۆربه‌ی شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێم و له‌پێناو بایه‌خدانی زیاتر به‌ سه‌وزكردن و جوانكردنی ژینگه‌و باخچه‌ی قوتابخانه‌و ناوه‌نده‌كانی خوێندن، به‌ڕێوه‌به‌رێتی په‌روه‌رده‌ی سه‌یدسادق به‌ رواندنى نه‌مام ده‌ستپێكی ساڵێكی نوێیان ده‌ستپێكرد.


سۆران محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سه‌یدسادق به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو ئه‌مساڵ به‌بۆنه‌ی ده‌سپێكی ساڵی نوێی خوێندنه‌وه‌، به‌ پێویستمان زانی كه‌ جیاواز له‌ ساڵانی ڕابوردوو پێشوازی له‌ ساڵی نوێی خوێندن بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ قوتابیان و به‌رپرسانی ئیداری سنوره‌كه‌، هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام ناشتنمان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ئه‌نجامدا.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مه‌به‌ستمان له‌م كاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌وزكردنی ژینگه‌ و پاكڕاگرتنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ینه‌ كه‌لتور و زیاتر ناوه‌نده‌كانی خوێندن لای خوێندكاران خۆشه‌ویست بكه‌ین و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن له‌ ئاست پاراستنی ژینگه‌ و سه‌وزكردنی باخچه‌ی قوتابخانه‌كان.

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure