له‌شارێكى هه‌رێم 10هه‌زار نه‌مام ده‌نێژرێت

ژینگە :: 15/09/2019‌ :: 120‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

به‌ مه‌به‌ستى زیادكردنى ڕێژه‌ى سه‌وزایى، شاره‌وانى كه‌لار له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا 10 هه‌زار نه‌مام له‌ ناو شارى كه‌لار ده‌چێنێت و به‌شێكى ئه‌و نه‌مامانه‌ له‌ شێوه‌ى دارستانى ده‌ستكرد له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى شاره‌كه‌ دروست ده‌كات. 

ئارا نه‌جمه‌دین به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى باخچه‌كان له‌ شاره‌وانى كه‌لار، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند"له‌ نوێترین هه‌نگاوماندا، ماوه‌ى دوو رۆژه‌ هه‌ڵمه‌تى ناشتنى نه‌مام-مان ده‌ست پێكردووه‌ و تێیدا 10 هه‌زار نه‌مام له‌ ته‌واوى شاره‌كه‌ ده‌چێنن و ئامانجیشمان زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزاییه‌". 

وتیشى:"له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا چه‌ند دارستانێكى ده‌ستكرد له‌ نێو گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌ چۆڵ و نزیك شه‌قامه‌كان دروست ده‌كه‌ین و ناوه‌ندى نێوان شه‌قامه‌كان ئه‌و باخچانه‌یش نۆژه‌ن ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك بووبێت پێشتر نه‌مامه‌كانیان له‌ناوچوون". 

به‌پێى قسه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى باخچه‌كان له‌ شاره‌وانى كه‌لار"ئێستا رێژه‌ى سه‌وزایى له‌ شارى كه‌لار 4%ه‌ و به‌چاندنى 10 هه‌زار نه‌مام رێژه‌ى سه‌وزایى زۆر زیاتر ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا له ‌خوار ستانداردى جیهانییه‌وه‌یه‌‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى". 

به‌گوێره‌ى رێژه‌ى ستانداردى جیهانى هه‌ر شارێك ده‌بێت رێژه‌ى سه‌وزایى 15% زیاتر بێت". 


پ: ل. م 
 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure