ئایا یاری كردنی منداڵ لەسروشتدا بەرگری بەهێز دەکات؟

هەمەڕەنگ :: 24/08/2019‌ :: 202‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

لەم ساڵانەی دوایدا زۆرێك لە توێژینەوەكان ئاشكرایان كردووە لەتەمەنێكی زۆر بچوكەوە منداڵ تووشی چەند میكرۆبێك دەبێت كە دبێتە هۆی بەهێزبوونی بەرگری و لەتەمەنێكدا كەمتر توشی نەخۆشی دەبێت بەتایبەت نەخۆشییە درێژ خایەنەكان و هەستیاریەکان.

هەروەها ئەو توێژینەوانە ئاشكرای دەكەن ئەو منداڵانەی لەناو كێڵگە یان ژینگەیەكی گوند و لادێكان گەورە بوون كەمتر توشی هەستیاری و نەخۆشیەكانی تر بوون لەچاو منداڵانی تر.
دەزانیت هەندێك میكرۆب بۆ جەستە و لەشی مروڤ باشە؟
1/ پرۆفیسۆر مارتن بلیزر لە زانكۆی نیۆیۆرك دەڵێت: "لە ناو لەشی مرۆڤدا كۆمەڵێك بەكتریا و میكرۆب هەن كە زیانییان نییە, گرنگیدانی مرۆڤەكان بە پاك و خاوینی  هەندێك لەو بەكتریایانە لەناو دەبات لەوانەیە لەناوبردنیان بەسوود بێت بەڵام لەهەمان كاتدا زیانی هەیە".
2/ هەروەها دەڵێت:" رۆڵی سەرەكی بەكتریا پێگەیاندنی كۆئەندامی بەرگریە, چونكە كاتێك منداڵ لەدایك دەبێت جەستەی هیچ میكرۆب و بەكتریایەكی تێدانییە و كۆندامی بەرگری توشی هیچ نەبووە بۆیە دوای لەدایكبوونی دەبێت وردە وردە كۆئەندامی بەرگری كار بكات بۆ ئەوەی باش و خراپ جیابكاتەوە و كارایی خۆی بسەلمێنێت.
3/میكرۆب لەناو جەستە بڕیار دەرە لەسەر چۆنیەتی  هەڵگرتن و دەردانی چەوری بۆیە گرنگە لەناو جەستەی مرۆڤ بێت بۆ ئەوەی توشی نەخۆشی شەكرە و قەڵەوی نەبین.
4/ لەناو كۆئەندامی هەرس هەندێك بەكتریا و میكرۆب هەن هاوكاری هەرسی خواردن دەكەن.
بۆچونێكی نوێی سەرسوڕهێنەریش هەیە كە باس لەو بەكتریا و میكرۆبانە دەكات كە لەناو خۆڵدا هەن و بۆ منداڵ بەسوودن بۆیە زانایان دەڵێن پێویست ناكات بترسی لەوەی منداڵەكەت دەست لەخۆڵ بدات یان بەپێی پەتی لەسەر زەوی بڕوات یان دەستی بەر هەندێك گیانەوەی بكەوێت, تەنها لەدوورەوە دانیشە و چاودێری بكە.
شتریت كلین پزیشكێكی كۆئەندامی دەماری منداڵان دەڵێت:" ئەو میكرۆبانەی لەناو سەوزە و میوەی تازە و خۆڵدا هەیە بەگشتی تەندروستی منداڵان باشتر دەكات  كەلەوانیە زۆرێك لەدەرمانەكان نەتوانن ئەو رۆڵە ببینن , لەناو یەك چنگ خۆڵدا هێندەی دانشتوانی گوێ زەوی میكرۆب هەیە ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی باشە  بۆ مێشك و كۆئەندامی بەرگری بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ بكات و گەشەی پێ بكات.
بۆیە ئەو پسپۆرە ئامۆژگاری دایكان و باوكان دەكات لەگەڵ منداڵەكایاندا لەناو خۆڵ  یاری بكەن، هەروەها دەڵێت ئەتوانن ئەو میوە و سەوزانەش بخۆن كە ڕاستەوخۆ لێدەكرێنەوە".
چەند لێكوڵینەوەیەكی نوێش ئاشكرای دەكات سڕینی جەستەی منداڵ بە  پاشماوەی وێڵاشەكەی خۆی كۆئەندامی بەرگری بەهێز دەكات بۆیە ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری لەدایك دەبن توشبونیان بەهەندێك نەخۆشی وەك ڕەبو و و چەند نەخۆشیەكی تر زۆرترە.

ئامۆژگاری بۆ دایكان و باوكان 
1/ دەبێت هاوسەنگی پێویست بۆ هەندێك پرس لەژیاندا بدۆزنەوە و زیادەڕۆیی لە پاك راگرتنی منداڵ نەكەن لەهەمان كاتدا پشت گوێیان مەخەن, كاتێكیش زیاد لە پێویست ئەو ژینگەیەی منداڵەكە تێیدا گەورە دەبێت پاك بکرێتەوە چونکە پێت وایە لەنەخۆشی دەیپارێزیت بەپێچەوانەوەیە چونكە تۆ هەلی درووستكردنی كۆئەندامی هەرسی منداڵەكە نادەی.
2/هەر كاتێكیش منداڵەكانتان نەخۆش كەوتن  زیادەڕۆیی مەكەن لەبەكار هێنانی دژە زندەكان چونكە زیانی زۆری هەیە بۆیە پێویستە راوێژ بە پزیشك بكەیت.
3/پێویست ناكات هەموو ئەو شوێن و ئەو شتانەی منداڵ دەیخاتە ناو دەمیەوە پاكبكرێتەوە بەڵكو تەنها لەشوێنە گشتیەكان بەتایبەتی ئەو یاری و كەل و پەلانەی لەناو پاس یان ویستگەی شەمەندەفەر پێیەتی یان هەر شوێنێكی گشتی بكەوێت دەتوانی پاكیان بكەیتەوە.
4/ دەبێت منداڵ پێش و دوای نانخواردن و دوای بەكار هێنانی توالێت و بەركەوتنی بە كەسی نەخۆش دەستی پاك بكرێتەوە.
5/ دەبێت پارێزگاری لەو میكرۆبانە بكەین كەلەناو جەستەماندا هەیە و سودیان هەیە هەروەها دەبێت ئەو خواردنانە بخۆین كە بۆ ئێمە و ئەوان باشە وەك برنج و دانەوێڵە.   
پێداچوونەوە: پەری

بڵاوکردنەوە: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure