به‌د خه‌وی چی له‌ له‌ش ده‌كات؟

تەندروستی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 361‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ
دكتۆر سارا گۆتفراید كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پسپۆڕانی بواری نووستن ده‌ڵێت ئێمه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی زۆر خۆ به‌زلزانین و ده‌مانه‌وێت رووبه‌ڕووی ئه‌و 4 ملیار ساڵ په‌ره‌سه‌ندنه‌ ببینه‌وه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان به‌پێی رووناكی و تاریكیی شه‌و و رۆژ ژیاون، و ئێستا ده‌مانه‌وێت به‌پێی خواستی خۆمان بژین و رووبه‌ڕووی كاتژمێره‌كان بووه‌ستینه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌م كاره‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ له‌ش ده‌گه‌یه‌نێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و شه‌كره‌ی جۆری 2 و قه‌ڵه‌وی زیاد ده‌كات.

مرۆڤی ئێستا به‌ به‌راورد به‌ په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆژانه‌ 2 كاتژمێر كه‌متر ده‌خه‌وێت. دكتۆر سارا ده‌ڵێت خه‌ڵكی ئێستا به‌هۆی ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆن و تابلێت و ته‌له‌فونی زیره‌كه‌وه‌ كاتێكی زۆری پشووه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ئێستا له‌ شه‌ویشدا كاره‌كه‌ی ئیمه‌یڵی بۆ ده‌نێرن. تیشكه‌ شینه‌كه‌ی شاشه‌ی مۆبایل خه‌و تێك ده‌دات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی كاتژمێری ناوه‌كیی له‌ش. كاتژمێری ناوه‌كیش په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ نوێبوونه‌وه‌ی خانه‌ و چالاكیی مێشك و دروستكردن و رێكخستنی گلوكۆز و ئه‌نسۆلینه‌وه‌.

نووستن پێویستییه‌كی گرنگی له‌شه‌. ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئاو نه‌خواته‌وه‌ ده‌مرێت یه‌كسانه‌ به‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌خه‌وێت ده‌مرێت. واته‌ خه‌و وه‌كو ئاو خواردنه‌وه‌ بۆ له‌ش پێویسته‌. ته‌نانه‌ت مرۆڤ به‌رگه‌ی پێنج ئه‌وه‌نده‌ برسێتی ده‌گرێت وه‌ك له‌ نه‌نووستن.

به‌د خه‌وی بۆ ماوه‌ی درێژخایه‌ن ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ و شه‌كره‌ و زه‌هایمه‌ر و قه‌ڵه‌وی و كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای ئه‌قڵی و خه‌مۆكی و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ زیاد ده‌كات. ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك كه‌متر له‌ 5 كاتژمێر رۆژانه‌ بخه‌ویت ئه‌وا ئه‌گه‌ری ره‌قبوونی بۆرییه‌كانی خوێنت ده‌بێته‌ سێ ئه‌وه‌نده‌.

له‌ كاتی نووستن دا بۆشایی نێوان خانه‌كانی مێشك 60% زیاد ده‌كات به‌وه‌ش ژه‌هری كه‌ڵه‌كه‌ بوو به‌ئاسانی پاك ده‌كرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌د خه‌وی ده‌بێته‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ژه‌هر له‌ مێشكدا. 
نووستنی كه‌متر له‌ 5 كاتژمێری رۆژانه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن وه‌كو پیربوونه‌ بۆ ماوه‌ی 4-5 ساڵ و چرچبوونی پێست و ده‌ركه‌وتن به‌ ماندوێتی و ئاوسانی ده‌موچاو.
هه‌روه‌ها ده‌توانیت له‌ ماوه‌ی رۆژه‌كه‌دا 20 خوله‌ك بنوویت كه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی وه‌كو نووستن بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر له‌ شه‌ودا هه‌یه‌.
دكتۆر سارا ده‌ڵێت هه‌رگیز له‌ كاتی خه‌وه‌كه‌ت بۆ چالاكییه‌كانی تر مه‌دزەره‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ وه‌كو قه‌رزێك وایه‌ كه‌ ده‌بێت دواجار له‌شت به‌ سوودێكی زۆره‌وه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌.

پێداچوونەوە: پەری

بڵاوکردنەوە: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure