دواڕۆژ
هه‌رگیز بوارى وه‌رزش و رێجیم هێنده‌ى ئێستا ئاسان نه‌بووه. به‌ربڵاوبوونى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كارێكى كردووه كه هونه‌رمه‌ند و ئه‌ستێره ناوداره‌كان ده‌ربكه‌ون و پێمان بڵێن تازه‌ترین رێجیم كامه‌یه كه په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن بۆ دابه‌زاندنى كێش و پاراستنى جوانى جه‌سته‌یان. به كهفنهكونێك كۆمه‌ڵێكى زۆر هه‌وادارى بۆ په‌یدا ده‌بێت ئه‌و جۆره رێجیمه و ناوبانگ ده‌رده‌كات ئینجا پاش چه‌ند مانگێك بیرده‌چێته‌وه و جۆره رێجیمێكى تر ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌م جۆره رێجیمانه كۆمه‌ڵه سیستمێكن داڕێژراون بۆ دابه‌زاندنى كێش له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ئه‌ویش له‌ڕێى دووركه‌وتنه‌وه له خواردنى هه‌نێك توخمى خۆراكى، له‌ڕاستیدا ئه‌م رێجیمانه بۆ چاره‌سه‌رى چه‌ند جۆره نه‌خۆشیه‌ك داهێنراون به‌ڵام دواتر بوونه‌ته رێجیم و هه‌موو خه‌ڵك خوازیارن په‌یڕه‌ویان بكه‌ن به‌و هیوایه‌ى كه به خێراى ئامانجى خوازراویان ده‌ست بكه‌وێت و جه‌سته‌یان به‌پێى پێوه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵگا جوان و قبوڵكراو بێت، به‌ڵام زۆربه‌ى پهیڕهوكهرانى ئه‌م جۆره رێجیمانه ناتوانن له‌گه‌ڵ پابه‌ندبونیان پێوه‌یان ژیانى ئاساى خۆیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
جا با بزانین پسپۆڕانى خۆراكناسى له‌م باره‌یه‌وه چى ده‌ڵێن و بۆچى ناتوانین له‌سه‌ریان به‌رده‌وام بین. به‌پێى بۆچوونى پسپۆڕانى ناودارانى جیهان له بوارى خۆراك ناسیدا رێجیمى كاریگه‌ر ئه‌و جۆره رێجیمهیه كه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ر كراوه و به به‌ڵگه سه‌لمێنراوه كه كاریگه‌ر و به‌سووده بۆ نموونه رێجمى ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئه‌م رێجیمه داهێنراوانهى ئێستا كورت خایه‌نن هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه كاریگه‌رییان بسه‌لمێنێت به‌ڵكو ته‌نیا له گۆڤاره‌كاندا بڵاوده‌كرێنه‌وه و له‌ڕێى تۆڕه كۆمهڵایهیتیهكانهوه هه‌وادارى زۆریان بۆ په‌یدا ده‌بێت و پاشان بیرده‌چنه‌وه. ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه به ته‌واوى لێیان دووربكه‌ویته‌وه به‌ڵام ده‌توانین چاوێك بخشێنین به‌و رێجیمه باوانه‌ى كه ئێستا ناوبانگیان په‌یدا كردووه. بۆ نموونه رێجیمى كیتۆ: رێجیمێكى خۆراكیه له‌سه‌ر بناغه‌ى ئه‌وه‌ى ئاستى كاربۆهیدرات به شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى تێدا كه‌مبكرێته‌وه و رۆژانه ته‌نیا 50 گرام كاربۆهیدرات بخورێت به جۆرێك كه له %80 ى كالۆریه‌كان له چه‌وریه‌وه وه‌ربگیرێت. هه‌ندێك توێژینه‌وه ده‌ڵێن ئه‌م جۆره رێجیمه خێراتر كێش داده‌به‌زێنێت به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا ئاستى كۆلیستڕۆڵ به‌رزده‌بێته‌وه كه مه‌سه‌له‌یه‌كه پێویستى به توێژینه‌وه‌ى زیاتر هه‌یه. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى گشتى رێجیمی كیتۆ ناتوانێت به درێژاى ژیان په‌یڕه‌و بكرێت و كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر خۆراكى ئاساى كێشمان وه‌كو جارى جارانى لێ دێته‌وه.
رووه‌ك خۆرى: لایه‌نى خراپى ئه‌م جۆره رێجیمه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ تووشى كه‌مى ڤیتامین B12 و كالیسیۆم و ئاسن و زینك و ڤیتامینه‌كانى وه‌ك E ,D,A ده‌كات.
رێجیمى نه‌خواردنى گلۆتین: ئه‌و پڕۆتینه سروشتیه‌یه كه له دانهوێڵهكانى وه‌ك گه‌نم و جۆدا هه‌یه. راسته ئه‌م رێجیمه كێش داده‌به‌زێنێت به‌ڵام ڕه‌نگه زیانیشى هه‌بێت به تایبه‌تى بۆ نه‌خۆشى شه‌كره و كه‌م خوێنى و نه‌خۆشیه‌كانى دڵ.
دیاره بۆ كه‌سانى به‌ساڵاچوو رێجیم كردن مه‌سه‌له‌یه‌كى ساده نییه و پێویسته به‌بێ راوێژى پزیشك ئه‌نجام نه‌درێت چونكه له‌و قۆناغه‌ى ته‌مه‌ندا بارستاى پڕۆتینى ماسولكه‌كان وورده وورده روو له كه‌مى ده‌كات و لایه‌نه خراپه‌كانى رێجیم زیاتر و خێراتر له به‌ساڵاچووندا ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پسپۆڕانى بوارى خۆراكناسى به باشى نازانن مرۆڤ چه‌ندین ساڵ ته‌نیا هه‌ر یه‌ك جۆر رێجیم په‌یڕه‌و بكات و هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌وه‌ى كه نابێت دواى قسه‌ى گۆڤار و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكه‌ون به تایبه‌ت له‌م بوارانه‌دا هۆشدارى ئاشكرامان ده‌ده‌نێ:
1.پشت به‌ستنى زۆر به شه‌ربه‌ته‌كان: چونكه پڕن له كالۆرى و شه‌كر بێ ئه‌وه‌ى هیچ ریشاڵێكى میوه‌كه‌یان تێدا بێت سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى مه‌ترسى شه‌كره و گوشارى خوێن.
2.هیچ حهپێكى لاوازكردن مه‌خۆ به تایبه‌ت له كاتى په‌یڕه‌وكردنى رێجیمدا هه‌روه‌ها پێویسته خۆت به دوور بگریت له خۆراكى سووره‌وه‌كراو.
3.رێجیمێك په‌یڕه‌و مه‌كه كه زۆربه‌ى خۆراكه‌كانت لێ قه‌ده‌غه ده‌كات. كارێكى ناخۆشه مرۆڤ به‌رده‌وام هەر یه‌ك جۆر خۆراك بخوات پابه‌ندبوون به‌م سیستمه‌وه كارێكى زه‌حمه‌ته.
4.پشت به‌ستن به خواردنه‌وه گازیه‌كان كه ته‌نیا هه‌ر كالۆریان تێدایه و ده‌وڵه‌مه‌ندن له شه‌كردا.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕى ئه‌لمه‌یدان
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
پ: ن.ر