ئایا چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی له‌ شه‌راب-دایه‌؟

تەندروستی :: 04/08/2019‌ :: 253‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: توێژینەوە

دواڕۆژ

ساڵانێكی زۆره‌ لێكۆڵه‌ران كار له‌سه‌ر مادده‌یه‌ك ده‌كه‌ن به‌ناوی (رێسڤێراتۆڵ) كه‌ پێكهاته‌یه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌ناو شه‌راب-دا هه‌یه‌. به‌مدواییه‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ له‌سه‌ر مشك تاقی كراوه‌ته‌وه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌‌ خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ كه‌مده‌كاته‌وه‌.

خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ له‌ حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ به‌ربڵاوه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن. له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا بۆ نموونه‌، له‌ پێنج گه‌وره‌ساڵ یه‌كێكیان به‌ دڵه‌ڕاوكێ یان خه‌مۆكیدا تێپه‌ڕیون. به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ توانیویانه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌رمان كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانی تر ده‌رمان سوودی پێنه‌گه‌یاندوون. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ كه‌ لێكۆڵه‌ران هه‌وڵیانداوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی تر.


هه‌رچه‌نده‌ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی هۆكاره‌كانی تووشبوون به‌ خه‌مۆكی نازانرێن، به‌ڵام یه‌كێك له‌ بیردۆزه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتێك گوشاری ده‌روونیی زۆر بێت، له‌ش كۆمه‌ڵێك گلوكۆكۆرتیكۆید ده‌ڕێژێت كه‌ كۆرتیزۆڵ یه‌كێكیانه‌. ئه‌مه‌ بۆ ماوه‌ی كورت زیان به‌ له‌ش ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌كاتی گوشاری درێژخایه‌ندا ئه‌م پێكهاته‌یه‌ زیان به‌ به‌شێكی مێشك ده‌گه‌یه‌نێت بەناوی هیپۆكامپه‌س و ئه‌وه‌ش خه‌مۆكی دروست ده‌كات.

لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئێستا له‌سه‌ر ماده‌ی ریسڤێراتۆڵ-ی ناو شه‌راب بۆئه‌وه‌یه‌ بزانرێت ئایا ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ ده‌توانێت ئه‌و زیانانه‌یش چاك بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ر ئه‌و به‌شه‌ هه‌ستیاره‌ی مێشك كه‌وتوون؟.

هه‌رچه‌نده‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م مادده‌یه‌ له‌سه‌ر مشك سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ، به‌ڵام له‌ئێستادا لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ سه‌لماندنی كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر مرۆڤ، به‌رده‌وامن. 

له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م چاره‌سه‌ره‌دا ده‌توانرێت ئه‌و مادده‌ سروشتییه‌ وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ به‌كاربهێنرێت له‌كاتێكدا كه‌ ده‌رمانه‌ ده‌ستكرده‌كان هه‌ندێكجار كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە:ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure